چاودێران و شڕۆڤەكارانی سیاسی، هەر لەسەرەتای كەوتنی رژێمی سووریای بەشار ئەسەد رایانگەیاند، كاریگەریی ئەو كەوتنە بەسەر عێراق لە هەموو وڵاتان زیاترە. بەجۆرێك، ئەو بوومەلەرزەیەی لە دیمەشقی داوە، دەنگەكەی لە بەغدا و دواتر لە تارانیش دەبیسترێت.
نووسەر و رۆژنامەوانێكی عێراقی لەمبارەوە ئاشكرای كردووە، جگە لەو ترسانەی عێراق لە كەوتنی بەشار ئەسەد هەیەتی، كە پەیوەندیی بە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و داعشەوە هەیە، كە زیاتر لە زاری لایەنگرانی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق دەبیسترێ، بەتایبەتی ترسی بەردانی داعشەكانی كەمپی هۆڵ، كە زۆرینە عێراقیین و گەڕانەوەیان كاریگەریی خراپ دەخاتە سەر دۆخی ئەمنیی وڵاتەكە.
ئەوە بەپێی بەڵگەكان، عێراق پارە و چەك و كەرەستەی ژەهراویی بە لۆری بۆ رژێمی سووریا ناردووە و پەیوەندیی سیخوڕیی سەركردەكانی ئێستای ئاشكرا بوون، لەو كاتەی وەكوو ئۆپۆزسیۆن لە سووریا بوون، كە ئەو پەیوەندییەیان دامەزراندووە. (نووسەر پێی وایە ئەوە ترسە گەورەكەی عێراقە لە كەوتنی بەشار ئەسەد).
ئەیاد دلێمی، نووسەر و رۆژنامەوانی عێراقی لە بابەتێكدا، كە بە ناونیشانی (عێراق لە سووریای نوێ لە چی دەترسێت؟) لە ماڵپەڕی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) بڵاوی كردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، بەڵگەنامەی نهێنی لە هەندێک لە نووسینگەی لقە ئەمنییەکانی سووریا، بەتایبەتی لە دیمەشق بڵاو بوونەتەوە كە باس لە ڕێکخستنی ئەندامانی ئەو لقانە دەکات، كە تیایدا دەرکەوتووە، لەنێویاندا چەندین سەركردەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی هەبووە، كە پێشتر لە سووریا بوون.
ئەو نووسەرە عێراقییە دەڵێت: “هەر لەدوای كەوتنی رژێمی سووریا، لە عێراقدا باس لە مەترسیی گەورە دەکرێت، کە لەوانەیە بەهۆی ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سووریا و ئەو گۆڕانکارییەی کە ڕووی داوە، ڕووبەڕووی ببێتەوە.”
دەشڵێت: “سیاسەتمەدارانی عێراقی لە (حکوومی و حزبی) زنجیرەیەکی درێژ لەو مەترسی و هەڕەشانە باس دەكەن، کە دەستپێدەکات لە دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لە دیمەشق لەلایەن گرووپێکەوە، کە بەغدا بە (تیرۆریست)یان دەبینێت و ئەوەی کە سەرکردەکەی یەکێک لە ئەندامانی (ئەلقاعیدە) و دواتر ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بووە، هەروەها باسکردن لە کەمپی هۆڵ و ئەو زیندانانەی، کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتدان (HSD)، کە ئەندامانی داعشی تێدایە و ترس لە ئازادکردنیان و ئەو کێشە ئەمنییانە دەکرێت، كە بۆ عێراق دروستی بکەن، ئەو عێراقەی، کە لەگەڵ سووریا هاوبەش بوو لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ڕێکخراوەدا، کە وا دیارە بەتەواوی کۆتایی نەهاتووە.”
ئەو نووسەرە درێژە بە بابەتەكەی دەدات و دەشڵێت: “لەڕاستیدا بوومەلەرزەکەی سووریا زۆر بەهێز بوو، دەنگی لە بەغدا و لە تارانیش بیسترا، بێ گومان ئەم گۆڕانکارییە لە سووریا ئاڵنگاریی گەورە دەخاتە بەردەم وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بەگشتی، بەتایبەتی ئەگەر سوورییەکان سەرکەوتوو بن لە چوارچێوەدانانی شۆڕشەکەیان بە ئەزموونێکی سەركەوتووی دیموکراسی، لەگەڵ ئەوەشدا، وا دیارە چیرۆکی عێراق لە ترسەکانیدا جیاوازە لەوەی کە زمانی لایەنگرەکانی دەسەڵاتی عێراقی دووبارەی دەکەنەوە، چونكە بەپێی هەندێک لەو بەڵگەنامانەی لە ڕۆژانی سەرەتای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دۆزراونەتەوە، پەیوەندییان بە كاری سیخوڕییەوە هەیە، كە ئەم سیخوڕانە تەنیا سووری نەبوون، بەڵکوو ئەوانەش بوون کە لە سووریا دەژیان یان ژیاون، لە پێشەوەی ئەمانەشدا کۆمەڵێکی گەورە لە عێراقییەکان هەبوون، کە لە هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا لە دیمەشق وەكوو سەركردەی ئۆپۆزسیۆن نیشتەجێ بوون.”
ئەو نووسەرە ئاشكرای كردووە، هەندێک لەو بەڵگەنامانەی دزەیان کردووە ئاماژە بەو بڕە زۆرەی پارە دەکەن، کە عێراق پێشکەشی کردووە بۆ پشتگیریکردنی ڕژێمی سووریا، دوای هەڵگیرسانی شۆڕش لە ساڵی 2011، پارەیەک، کە لە ڕێگەی لۆرییە تایبەتەکانەوە گوازراوەتەوە، هەروەها بەڵگەنامەی دیكە هەن، کە ئاماژە بە گواستنەوەی چەک و کەرەستەی ژەهراوی لەلایەن عێراقەوە بۆ ڕژێمی سووریا دەکەن، کە لەوانەیە دژی گەلانی سووریا بەکار هێنرابن.
دەڵێت: “بێ گومان ئێمە باسی ئەوە دەکەین، کە پێش ئەوەی حکوومەتی نوێی سووریا دەست بگرێت بەسەر دۆسیەی زیاتر هەستیار و نهێنی، كە ئاشکرا کراون.”
وەڵام بدەوه