ماڵپەڕی ئەكسسیۆسی سەربازی بڵاوی كردووەتەوە كە پێشنیار بۆ بایدن كراوە بەر لە 20ی ئەم مانگە لە ئێران بدات ئەگەر بینرا وڵاتەكە بە ئاڕاستەی بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆم هەنگاوی نا.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم دووی كانوونی دووەمی 2025، ماڵپەڕی ئەكسسیۆسی سەربازی لە زاری سەرچاوەیەكەوە بڵاوی كردووەتەوە كە جاك سولەیڤان راوێژكاری نەتەوەیی ئاسایشی ئەمەریكا پێشنیاری بە بایدن داوە بەر لە 20ی ئەم مانگە هێرش بكاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران ئەگەر بینرا ئێران ویستی رژدی هەیە بۆ بە خاوەنداریەتیی كردنی چەكی ئەتۆمی.
ئەم هەواڵەی ئەكسسیۆس دوای ئەوە دێت، ماڵپەڕی forregin Affairsی ئەمەریكی وتارێكی جێگری پێشووی نێردەی ئەمەریكا لە ئێران بڵاو كردبووەوە و لە وتارەكەیدا هاتبوو، واشنتن ناچار دەبێت هێرشەكەی بۆ ئێران پێش بخات و زووتر لە وادەی خۆی هێرش بكاتە سەری، ئەگەر دانوستانەكانی لەگەڵ تاران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی شكستیان هێنا.
ریچارد نیڤیۆ، جێگری پێشووی نێردەی ئەمەریكا لە ئێران، لەمیانی نووسینی وتارێكدا بۆ ماڵپەڕی "Forregin affairs" لەبارەی ئەگەرەكانی هێرش بۆ سەر ئێران نووسیویەتی، لەسەر ئەمەریكا پێویستە جارێكی تر وەك نیشاندانی نیازپاكی لەگەڵ تاران، دەست بكاتەوە بە دانوستان لەگەڵ تاران بە مەبەستی راگرتنی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەكانی.
"بەڵام ئەگەر ئەمەریكا ئامادەی ئەوە نەبێت لە جیهانێكدا بژیت كە تیایدا ئێران خاوەنی چەكی ئەتۆم بێت، ئەوا ئەمەریكا هیچ بژاردەیەكی تری لەبەردەمدا نامێنێت جگە لە هێرش كردنە سەر ئێران و ئەمەیش بە زوویی روو دەدات" لە بەشێكی وتارەكەیدا نیڤۆ وای نووسیووە.
بەپێی نووسینی سیاسەتمەدارە ئەمەریكییەكە، ئەمەریكا چەند هۆكارگەلێكی لەبەردەستە بۆ ئەوەی ئەم كەیسە بە شێوازی دیپلۆماسی چارەسەر بكات، بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆر لە بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا لەگەڵ ئەو رایەن كە هێرش كردنە سەر ئێران سەركەوتوو نابێت، و لە بەرژەوەندیی ئەمەریكادا نییە و رەنگە هێرشی سەربازی گشتگیر بۆسەر تاران، ببێتە هۆی ماندووكردنی ئەمەریكا و سوپاكەیشی، بەهۆی ئەوەی لە سەروبەندی بڕیاردان لە هێرش كردن بۆ سەر ئێران، تاران سوورتر دەبێت لە گەیشتن بە چەكی ئەتۆم و شەڕكردنیش لەگەڵ وڵاتێكی خاوەن چەكی ئەتۆم بۆ ئەمەریكا ئاسان نابێت.
وەڵام بدەوه