دەرگاکانی بارزانیان!
جارێکیان ڕەوانشاد فەلەکەددین کاکەیی لە نووسینێکیدا وتی: مەسیف و واشنتۆن، ئەمدیو و ئەودیوی گۆی زەوین!
ئەگەر سەیری تۆپە شووشەییەکەی گۆی زەوی بکەی ( عادەتەن لە ژووری مودیری قوتابخانەکاندا هەیە)، دەرئەکەوێ ئەوەی کە کاکەیی وتی دەقیقە. مەسیف لە کوردستان (سەری بڵند) و واشنتۆن لە ئەمریکا ( دی سی)، ئەمدیو و ئەودیوی ئەم هەسارەیەن کە پێی ئەووترێ زەوی!
لە کاکەیی ڕۆشن بیر بگەڕێن، ئەو خۆی لەجێی هەقە, بەڵام قسەکەی با بمێنێ،،
لەوەتای مێژوو ئەنووسرێتەوە، ئەم ناوچەیە (کە کوردستان کەوتۆتە چەقەکەیەوە)، خاڵی بەریەککەوتنی حەززارەتەکانی زەمان، مەیدانی پێکدادانی زلهێزانی عەصر، جێی بەیەکگەیشتنی نفوز و بازاڕی دابەشکردنی مەسڵەحەتەکانی دنیا بووە!
ئێستاش کە سەردەمی وای فای و زەمەنی ئەی ئایە، ئێرە هەروایە، تا ئەوکاتەیشی کە بەشەرییەت ئیشی بە عەرز نامێنێ، ئێرە هەروا ئەبێ و ئیتر لەیەککاتدا هەم جێی پێکدادانی هەمووان و هەمیش جێی پێکهاتنیانە!
ئەم پێگەیەی کوردستان لە مێژووەکەیەوە هاتووە و مێژووەکەیشی لە جوگرافیاکەیەوە،،
چوار دەوڵەتی ئەم ناوچەیە، لەسەر خاکی کورد دروست بوون و پایەکانیشیان چونکە بەدەستی کورد، یان لەسەر پشتی کورد جێگیر کراون، ئیتر هەر بەدەستی کورد هەم توند ئەکرێنەوە هەمیش شل! واتا کورد چەند عاملی سەقامگیرییە، ئەوەندەش هی تێکدانە،، ئەگەر ئەوەی هەیەتی لێی تێکبدرێ!
دنیا لێرە بەیەک دەگەن و هەر لێرەش بەیەکدا دەدەن، دەرگاکانی ئێرەش، ڕاستە هەمیشە بۆ بەیەکگەیاندنی هەمووان لەپێناو سەقامگیری هەموواندا کراوەن، بەڵام ئەگەر سەقامگیری خەڵکی تر، لەسەر حسابی تێکدانی ئێرە بێ، ئەوا ئەوکات بۆ ( قڵپکردنەوەی مێزەکە) داخراو نابن، کراوەن!
ساڵی ٢٠٠٤ یان ٢٠٠٥ بوو، خانمە پێشکەشکاری کۆچکردووی کەناڵی ئەلعەرەبیە ( جیزێل خوری) بە سەرۆک مەسعوود بارزانی وت: لە عێراق پێت ئەڵێن ( صانع الملوک)، بۆ؟ جەنابیشیان بە پێکەنینێکی خۆشەوە جوابێکی دایەوە کە مامەعناهو فەرمووی: مەسەلەکە هەر من نیم، کوردە!
عێراقی تازە لە کوردستانەوە و دروست لە (مەسیف)ەوە دروستکرایەوە، خواست بوو یان کارت، ئەوەیان گرنگ نیە، گرنگ ئەوەیە، هەرکات عێراق ویستبێتی بچێتەوە سەر بای بەڕە کۆن، یان حەزێکی هەبووبێ بۆی بچێتەوە، ئیتر هەر لەو جێیەی کە لێی دروستکرایەوە (سەری بڵند)، نووکە و مەسجێکی وەهای بۆ چووە کە بە خۆیدا بچێتەوە! ئەمەشیان خواست بێ یان کارت، دیسان هەر گرنگ نیە،، گرنگ ئەوەیە ئیش لەم ناوە ئاوا ئەڕوا و ئاوایە!
لەو ماوەیەی پێشوودا، خانمە موحەلیلێک لە تیڤییەکی ئەمریکییەوە ڕوو لە ئیدارەی تازەی ئەمریکا ئەیووت: ئەگەر ئەمریکا بیەوێ وەزعی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کۆبکاتەوە، ئەتوانێ سوود لە تواناکانی پیاوێک بگرێ کە بە یەک مەسافە لە هەمووان ڕاوەستاوە و ناویشی نێچیرڤان بارزانی ە!
ئەم (بەیەک مەسافە ڕاوەستانە)ی نێچیرڤان بارزانی لە هەمووان و دەرگا کراوەکەیشی بەڕووی هەموو تەرەفە جیاوازەکاندا بەبێ جیاوازی، هەقایەتێکەو سنووری کوردستان و عێراقی تێپەڕاندووە و گەیشتۆتە لای ناوەند و سەرۆکەکان لە دنیاش، بەڵام ڕاوەستان و دەرگاکەی ئەویش تا ئەو جێیە کراوەن، کە هەمووان بەبێ جیاوازی، بەڕووی پێگەی کورد و قەزییەکەی، بەڕووی بەهێزی کوردستان و هەرێمەکەیدا کراوەبن، ئەگەرنا، ئەویش دەرگاکەی تر بەڕووی هەموواندا ( بێ جیاوازی)، ئەکاتەوە!
کاکەیی هەرلەخۆیەوە نەیووت واشنتۆن و مەسیف ئەمدیو و ئەودیوی گۆی زەوین! ئەو وەکچۆن ئەیزانی هەیمەنەی ( دی سی) لەسەر جیهان چیە، ئەیشیزانی هی (سەری بڵند)یش لەسەر ناوچەکە، لای کێیە و چۆنە، چیە و چەندە.
شێروان تالب
وەڵام بدەوه