ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ی 11ی 2024، حكوومەتی عێراقی، داوای ئەوەی پێشكەش كردووە، هەرچی زووە كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی كۆبوونەوەیەكی بەپەلە ڕێك بخەن و لەسەر ئاستی نوێنەرانی هەمیشەیی ڕووبەڕووی "هەڕەشەكانی ئیسرائیل" ببنەوە.
داواكەی حكوومەتی عێراق لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی وڵاتەكە لە كۆمكارەكە بووە و هۆكاری ئەو داوایەش پەیوەستە بە "هەڕەشەكانی ئیسرائیل" و ئەو نامەیەی كە وڵاتەكە گەیاندوویەتە ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ پێشاندانی مافی بەرگری لەخۆكردن بەرانبەر ئەو هێرشانەی لەلایەن میلیشیاكانی عێراقەوە دەكرێنە سەر ئیسرائیل، كە حكوومەتی عێراق نامەكەی بە خواستی فراوانكردنی شەڕ و ئاژاوە وەسف كردووە.
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، محەمەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، دەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی وڵاتەكەی ئاگادار كردەوە ڕێگری لە هەر چالاكییەكی هێرشكارانە بكەن كە لە دەرەوەی جڵەوی دەوڵەت دەكرێتە سەر ئیسرائیل.
جەدعوون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو: حكوومەتی عێراق لە هەر هێرشێك بەرپرسە كە لەسەر خاكەكەیەوە دەكرێتە سەر تەلئەڤیڤ و ئیسرائیل مافیەتی بەرگری لە خۆی بكات.
ڕۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی بڵاوی كردووەتەوە، تەنیا لە مانگی ڕابردوودا، میلیشیاكانی عێراق، 65 هێرشی جیاوازیان كردووەتە سەر ئیسرائیل و بەرپرسیارەتیی خۆشیان ڕاگەیاندووە.
وەڵام بدەوه