جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیێنێ، گرفتی مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەرکراوە و سوودانی و تەیف سامی واژۆیان لەسەر خەرجکردنی کردووە.
دوای سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە هەفتەی ڕابردوودا، واژۆی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی بەردەم سێ مووچەی کۆتایی ئەمساڵ کردووە.
ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند: ڕێککەوتن لەسەر ناردنی مووچەی مانگی 10 و 11 و 12ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە و ئەو بودجەیەش کە تەرخان کراوە بەشی مووچەی ئەم سێ مانگە دەکات.
ئیخڵاس دلێمی باسی لە کێشەکە و چارەسەرەکەی کرد و وتی: "کێشەیەک هەبوو چارەسەرەکەی پێویستی بە گواستنەوە هەبوو لە بودجەدا لە بڕگەیەکەوە بۆ بڕگەیەکی دیکە، ئەمەش پێویستی بە واژۆی وەزیری دارایی هەبوو، وەزیری دارایی واژۆی کرد و نووسراوەکەی بەرزکردەوە بۆ بەڕێز سەرۆکوەزیران، سەرۆکوەزیرانیش دوای ئەوەی چاوی کەوت بە بەڕێز سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی مووچەی ئەم سێ مانگە خەرج بکرێت".
وەڵام بدەوه