شارەزایەکی بواری کەشناسی زانیاریی نوێی لەبارەی هاتنی شەپۆلێکی بەفروباران بۆ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21/11/2024، ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: "پێشبینی دەکرێت لە رۆژی دووشەممەی ھەفتەی داھاتوو 25/11/2024 ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بکەوێتە ژێر کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی جەمسەرییەوە کە ئێستا کاریگەرییەکانی لەسەر وڵاتانی ئەورووپایە و بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و خۆی دەبینێتەوە لە شەپۆلێکی ساردی بارانبارین و لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکاندا و نزمبوونەوەیەکی بەرچاوی پلەکانی گەرماش بەرێژەی 8 تا 10 پلە."
ئاماژەشی بەوە داوە: "کاریگەریی شەپۆلی بەفروبارانەکە تا بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 26/11/2024 بەردەوامی دەبێت، بەڵام شەپۆلی سەرماکە لەسەر ناوچەکانمان تا ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە و کەشێکی سارد و زستانەیی لەناوچەکەدا دەستپێدەکات."
روونیشی کردووەتەوە: "پێشبینی بارینی بەفر دەکرێت لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکاندا لەبەرزی 1500 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا و نزمبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ سفری سەدی و ژێر سفر لەو ناوچە شاخاوییانەی بەرزیان کەمترە لە 1500م بەفروباران بەتێکەڵی دەبارێت، لە سەنتەری شارەکان بارانێکی لەسەرخۆ و سارد دەبارێت و ھەست بە کەشێکی زۆر سارد دەکرێت."
هەروەها ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی رێژەی بەفروبارانی پێشبینیکراوی لە ماوەی کاریگەری ئەم شەپۆلەدا بەم شێوەیەی خوارەوە خستووەتە روو:
پارێزگای ھەولێر (باران 7 - 60 ملم)، (بەفر 5 - 60 سم)
پارێزگای سلێمانی (باران 20 - 50 ملم) ، (بەفر 5 - 12 سم)
پارێزگای دھۆک (باران 26 - 50 ملم)، (بەفر 5 - 10 سم)
پارێزگای ھەڵەبجە (باران 30 - 50 ملم)، (بەفر 2 - 5 سم)
پارێزگای کەرکوک (باران 5 - 15 ملم)
ئیدارەی راپەرین (باران 20 - 60 ملم)، (بەفر 15 - 40 سم)
ئیدارەی گەرمیان (5 - 25 ملم)
وەڵام بدەوه