لەوەتەی رژێمی بەعس رووخاوە، کورد وێڵی گێڕانەوەی دۆخی کەرکوکە بۆ حاڵەتە ڕەسەن و ئاساییەکەی بەر لە پرۆسەی بە عەرەب کردن.
بەداخەوە هەوڵەکانی کورد لە هەژدە ساڵی رابردوو بە ئاراستەی چارەسەر کردنی ناوچە بە عەرەب کراوەکانی کەرکوک و خانەقین و ئەو شوێنانەی مادەی 140 ی دەستور دەیانگرێتەوە تا بەمڕۆش دەگات هیچ دەرەنجامێکی دڵخۆشکەری نەداوە بەدەستەوە.
لەسەردەمی ئەنجومەنی حوکم مادەیەک بە ناوی مادەی 58 کرا بە بەردی بناغەی چارەسەرکردنی ناوچە بە عەرەب کراوەکان یا ئەوەی بە هەڵەو ئەنقەست ناوی لێ نراوە ناوچە کێشە لەسەرەکان.
پشوودرێژی سەرکردایەتی کورد و دانیشتوانە رەسەنە کوردەکانی ناوچەکە ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێ هیچ دەرەنجامی باش و جێگەی رەزامەندی لێ نەکەوتۆتەوە، بگرە جار ناجارێک بووەتە هۆکاری گرژی و ئاڵۆزی و شەڕو پێکدادانی چەکداری و دەستەویەخەوە و قوربانیشی لێکەوتۆتەوە.
لە جێی خۆیەتی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی کورد لە بەغدا ئەمجارەیان بە پەلە و بێ ڕاڕایی، دەستوبردی لێبکەن و زۆر بە جدی هەوڵی کاراکردنەوەی مادەی سەدوچل و جێ بەجێ کردنی مادە دەستووریەکانی تایبەت بەم پرسە بدەن و بۆ یەکجاری سەرلەبەری پرسی ناوچەبەعەرەب کراوەکان بخەنە ناو کارنامەی کارکردنیانەوە.
چارەسەرنەکردنی ئەم پرسە وەک بەرمیلێکی بارووتە و بۆی هەیە لە هەر ئان و سات و دۆخێکی ئاڵۆزکاوو گرژی و ئاڵۆزیدا بتەقێتەوەو تەشەنە بکات و لێکەوتەی خراپی لێ بکەوێتەوە.
وەڵام بدەوه