دۆخی ئارام و پر لە تەناهی هەرێمی کوردستان دەرەنجامی ماندوو بوون و شەونخونی و هەوڵی بێوچانی دامودەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش و پشتیوانی و هەماهەنگی و هاوکاری هاوڵاتیانی کوردستانە.
ئەزمون سەلماندوویەتی تەنیا لە دۆخی ئارامدا وڵات دەرفەتی هەناسەدان و گەشەو پێشکەوتنی هەمەلایەنەو فرە رەهەندی پێ دەبەخشرێ.
ئاڵۆزی بەردەوامی شاروشەقام و دەرفەت دان بە هێزو لایەن و گرووپ و دەستە گێرەشێوێنەکان بۆ چەند مەرامێکی شاراوەو بەرژەوەندپەرەستی و تەسکبینی ئایدیۆلۆژی و تائیفی و مەزهەبی، لە هەموو کۆمەڵگاکان بە گەورەترین هەڕەشە و مەترسی و ئاستەنگ لەبەردەم گەشەو پێشکەوتن و ئارامیدا وێنا دەکرێن.
نمونەی هەرە زیندووی ئەمەش، ئەو بارودۆخە نەخوازراوە خوێناویەیە لەوەتەی روخانی بەعسەوە باڵی بەسەر بەغداو زۆربەی شارو ناوچەکانی تری عێراقدا کێشاوەو رۆژ نیە خوێنی بە ناحەق رژاوی عێراقیەکان شەقامەکانی شارەکان سوور نەکات.
سەرباری ئەم هەموو پێکدادان و گرژی و ئاڵۆزی و خۆپیشاندانەش، کەچی دۆخەکە هەروەک خۆی ماوەتەوەو لە زۆر رووەوە دووچاری پاشاگەردانیەکی کوشندە و ترسناک بووەتەوەو تا دێ رووەو نائومێدی و وێرانی و کاولکاریەوە هەنگاو دەنێ.
وەڵام بدەوه