Kurdistan Press - لە عێراق ھەمیشە زمانی جەنگ خۆی فەرزکردوە لەسەر زمانی گفتوگۆ لە عێراق ھەمیشە زمانی جەنگ خۆی فەرزکردوە لەسەر زمانی گفتوگۆ | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

لە عێراق ھەمیشە زمانی جەنگ خۆی فەرزکردوە لەسەر زمانی گفتوگۆ

سیاسەت دوو زمانی ھەیە، یەکیان زمانی گفتوگۆیە، ئەوی تریان زمانی جەنگە. ھەرگیز ھەردوو زمانی سیاسەت بەیەکەوە نایەنە قسە، ھەر کاتێک زمانێک وەستا ئەوکات زمانەكەی تر دێتە قسە و کاردەكات. سیاسەت جەنگە، جەنگیش سیاسەتە، جەنگ ئەوکات کارادەکرێت کە سیاسەت زمانی گفتوگۆی خۆی قوت دەدات و زمانی جەنگ خۆی دێتە دەر بۆ قسەکردن لە جیاتی زمانی گفتوگۆ

‎زمانی گفتوگۆ ھێواشە لە قسەکردن دا بەڵام لە کۆتایی دا کە بە ئامانج دەگات و ھیچ وێرانکاریەک بەدوای  خۆی نایەنێت بەڵام  زمانی جەنگ خێرایە لە قسەکردن زوو بە ئامانج دەگات بەڵام وێرانیەکی زۆر بەدوای خۆی دروست دەکات! 

‎سیاسەت بەرژەوەندی یە، بەرژەوەندیش سیاستە، بەھەردوو زمانی سیاسەت دەگەی بە بەرژەوەندی. ھەتا کۆبوونەوە و   دیالۆگ ھەبێت زمانی گفتوگۆ ماندو نابێت، دەتوانێت بە ساڵ و مانگ قسەبکەیت بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندی. بەڵام زمانی جەنگ زوو ماندوو دەبێت و زووش دەیەوێت بە بەرژەوەندیەکانی بگات. بە زمانی گفتوگۆ کەگەیشتی بە ئامانج  ھیچ ڕق و کینەیەک ناھێڵێت ئەوەی کرا دەبێت بە شتێک لە ڕابردوو بەڵام کە بەزمانی  جەنگ گەیشتی بە ئامانج ھەمیشە ڕق و کینە دەمێنێتەوە بۆ داھاتوو  ھەمیشە بژاردەی جەنگ لە ئارادا دەبێت. ھەربۆیە  سەد ساڵ لەگفتوگۆ لەگەڵ یەکتردا سەد جار باشترە لەوەی یەک فیشەکیش بەڕووی یەکتر بتەقێنرێنەوە گەرچی ئەو فیشەکە چروکیش بێت. 

‎ئەوەی ئێستای عێراق تێی کەوتوە، قوتدانی زمانی گفتوگۆی سیاسەتە، کە عێراق سێ بەشی تەمەنی خۆی زمانی گفتوگۆی نەبووە تەنھا زمانی جەنگی ھەبووە. بەو شێوەیە بەردەوام بێت کۆبونەوە نەکرێت زمانی جەنگی سیاسەت خۆی دێتە ئاراوە بە جارێک عێراق خەڵتانی خوێن دەکرێت. لە دەرئەنجامی ئەوەی بەدرێژایی مێژووی عێراق زمانی جەنگ خۆی لەسەر زمانی گفتوگۆ فەرزکردوە، ھەر بۆیە عێراقیەکان ھەمیشە لەو ڕق و کینەیەی رابردوو دا دەژین ناتوانن لەبیری بکەن. عێراق تەنھا ئەوکاتە گفتوگۆ دەکات کە لاوازە، گفتوگۆ ناکات لەپێناو گفتوگۆ بەڵکو گفتوگۆ دەکات وەکو سەرەتایەک بۆ جەنگ و وێرانی و لەناوبردنی یەکتر.

‎مێژووی عێراق بەوە ناسراوە وڵاتی قەزاو قەدەر و کودەتایە، کودەتا ھەمیشە لە ئارادایە بەڵام بەئامرازی جیاوازەوە، تاکی عێراقی  ھەمیشە لەترس و لەرزدا دەژیت کە ئاخۆ چەند کەس دەبنە قوربانی ئەو کەسەی کودەتای کرد، قەت چاوەڕێ ناکەن سەرۆکی نوێ باشتر بێت لەوەی پێش خۆی، بەڵکو تاکە ھیوایان قوربانییەکانی دەستی ئەو کەمتر بن لەھی پێش خۆی، لە دەرئەنجامی حوکمڕانییە شۆڤێنیەکانی سەرۆکە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق پەیوەستەکانی سیاسەت لە ڕەوانینی تاكی عێراقییەکاندا بووە پەیرەوکردنی ڕق و کینە و دیکتاتۆریەت و ناچارکردن به دزی و ستەم و خۆسەپاندن و لەناوبردنی یەکتر بەناوی وێنەی درۆی نیشتیمانی خۆیان دەشارنەوە، ھەمویان ئاواتەخوازن ببن بە سیاسی بۆ ئەوەی وەکو پاشا و شاژن بژین و خەڵکیش ببن بە کۆیلەی ئەوان.  ھەرچی سیستەمی حوکمرانیە لە جیھان دا عێراق ناکەنە وڵات چونکە عێراق قەت وڵات نەبووە تا ببێتە وڵات.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه