بەشێکی سەرەکی لە واقعە کۆمەڵایەتیەکان
نە ڕەشی ڕەهان نە سپی ڕەها. تەنانەت بە لادانی ڕەنگە ڕەشەکانیش ڕەنگە نەکرێ کۆمەڵگەیەکی نموونەیی و مەدەنی درووست بکەین و پێشی بخەین ولە چەوتی و ناشرینیەکان پاکی بکەینەوە.
ڕەنگە سەرچاوەی بە سادەیی ژیان و هیوانەبڕاوی جیلی پێشوو بۆ " بە سادەیی" بیر کردنەوەیان بگەرێتەوە و " نائومێدی" نەوەی ئێستاش بۆ واقعبینی و واقعگەرایی و بەرزی ئاستی داواکاری و رۆحی سەرکێشیان بگەرێتەوە.
لەوانە کەڵەکە بوونی دەیان پرسیاری جۆراوجۆری بێ وەڵامی کۆمەڵایەتی، ئایینی، سیاسی و ڕوناکبیری، زانستی و ئەکادێمی، کە ڕنگە جاران قەت بە زەینی نەوەی پێشوودا نەهاتبن و کەسیش بیری لێ نە کردبێتەوە.
نەوەی پێشوو بەرهەمی سەردەم و هەلومەرجی ژیانی ئەوکاتی خۆی بوو، و نەوەی ئێستاش بەرهەم و دەرەنجامی زەمەنی تایبەت بە خۆیەتی.
هەر بۆیەش جار ناجارێک دەبینین جیاوازیەکانی نێوان ئەم دوو نەوەیە بە هۆی تێڕامان و پەروەردە و بیروبۆچونە جیاوازیەکانیانەوە لە کاتی ڕوودانی ڕووداوەکانی کۆمەڵگەو جیهانی دەرەوە، بە زەقی دەردەکەون.
کۆەمەڵگەی کوردی بەهۆی ژێردەستەیی و ستەمی دەسەلاتدارانی بەغداو خەباتی نەتەوایەتی گەلەکەی لە پێناوی ئازادیدا بە درێژایی هەشتا ساڵی ڕابرردوو و دامەزراندنی چەندین پارت و بزووتنەوەی سیاسی و شەڕو ئاشوبەوە ، کۆمەڵگایەکی هیلاک و ماندووە.
ئەمەش وای کردووە نەوەیەک ( نەک هەر هەمووی) درووست ببێ، لەحاڵەتی درووست بوونی بچووکترین کێشەدا، دەست بۆ هەنبانە بۆرینەیەکی پڕ لە جنێوو سوکایەتیکردنەوە ببات و لایەنی بەرامبەری پێ سوک و چروک بکات.
ئەم حاڵەتەش جاران ئەگەر دیاردە بووبێت، بەداخەوە لەم سەردەمەدا بۆتە حاڵەتێکی تابڵێی قێزەوەن بۆ ناشرینتر کردنی کۆمەڵگە و ڕووبەڕووبوونەوەی تاکەکانی بە هۆی پەروەردەی سەقەت و روحی سەرکێشی توێژی لاوو گەنجانیەوە.
وەڵام بدەوه