لە جیھانی ئەمڕۆدا سەرچاوەکانی وزە(نەوت و غاز) نەک تەنھا کاڵایەکی ئابورین، بەڵکو کاڵایەکی سیاسی و ستراتیژین، کاڵای سەربازی ئەمنی و ئاسایشن، کاڵایەکی سەربەخۆین، کاڵای ھەر شتێکن کە تۆ لە خەیڵدا ناتوانی بەدەست بھێنی بەم سەرچاوە دەتوانی بەدەستی بھێنی بەزیادەوەش.
پێش سەدەیەک، لەلایەن کۆلۆنیالیزمی فەڕەنسی و بەریتانی نەخشەی جیۆپۆلۆتیکی ناوچەکە گۆڕا، دوای کۆتایی پێھێنانی ھەژمونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، چەند دەوڵەتێک دروستکران لە ناوچەکە بەبێ خواستی نەتەوەکانی ناوچەکە، کورد لەو نەخشەیەدا لەدەرەوەی ھاوکێشەکە بوون، بێ ئاڵا و خاک کران، بێ ناونیشان و شوناس کران! ھەتیوکران و دەربەدەرکران ئەمپەر و ئەوپەڕی تاریک کرا. سنورەکانی چوار وڵاتان لەسەر نەفەسی دانران بۆ ئەوەی بخنکێنرێن. کۆلۆنیالیزمی فەرنسا و بەتایبەتی تر بریتانیا ئامانجی ئاشکرایان گەشە و ئاوەدانی و بەرقەرارکردنی ئارامی بوو لە ناوچەکە، ھەروەھا بەرژەوەندی شارەوەشیان کۆنترۆڵی نەوت و گاز کە دوو جەمسەری وزەن، کەھەر دەوڵەتێک بیەوێت حوکمڕانی لە جیھان بکات بەبێ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەی وزەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست نابێت.
مەسرور بارزانی بە کاڵای وزە، ئامانجیەتی نەخشەی سەد ساڵ پێش ئێستا بگۆڕێت،کورد لەقەتیسکردنی ناوچەکە (ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست) کە پڕ ئاڵۆزترین ناوچەیە بھێنتە دەرەوە و بکرێتە یەکەیەکی سەرەکی لە ھاوکێشەکانی سیاسەتی نێودەڵەتی، بە ڕاشکاوانە وتی سەد ساڵە ناوچەکە ئارامی بەخۆیەوە نەبینیوە.
کە بەدڵنیایەوە نەیارەکانی ئەو بەرەپێشچونەوەی کورد پێیان ھەزم ناکرێت، چاوەڕێ بووم ئەمڕۆ لە ھەواڵی بەپەلەی جیھان دا بنوسن سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵێکی تیرۆری ڕزگاربو، کاتێک ھەندێک چەکدارانی نەناسراو بەقەناس دەیانویست تیرۆری بکەن، کە ئەمەیان پێ نەکراوە لە جیاتی گولەی قەناس ھەندێک بەکرێگیراوانی خۆیان بەکارھێناوە بۆ ئەوەی ھێلکە لەکاروانی سەیارەی سەرۆک وەزیران بدەن.
ئاخر چۆن پێیان هەزم دەکرێت ئەو بەرەو پێشچونەوەی کورد، کە ھەتا دوێنێ بەریتانیا کوردی کردۆتە دەرەوەی ھاوکێشەکە ، نەیان ھێشت کورد ھەست بەھەبونی خۆی بکات، بەڵام ئەمڕۆ کوچە و کۆڵای بەریتانیا نەماوە بە ئاڵای کوردستانەوە نەڕازێنەوە، پێشوازیەکی شاھانە کە وێنەی نەبوو لە سەرۆک وەزیرانی کورد کرا، بریتانیا ھەڵەی خۆی زانیوە کەدوای سەدەیەک ناوچەکە ئاڵۆزیەکانی زیاتربون، گەشەی نەک ھەر بەرەو پێشەوە نەچووە بەڵکو خراپتر بووە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو ھەڵەیەی کەدوێنێ کرا ئەمڕۆ بریتانیا دەیەوێت یەکەی سەرەکی ھاوکێشەکان بگۆڕێت بۆ ئەوەی ھەندێک یەکەی فەرمی سەر لەنوێ لەدایک ببن.
لەسەروبەندی شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا، کە قەیرانێکە بەرۆکی ھەموو جیھان گرتۆتەوە، جیھان بەگشتی و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لەبەردەم گۆڕانکاری گەورە و حەتمی دایە،
لەم گۆڕانکاریانەدا گەر کورد یاریزانێکی لێزان نەبێت دەکرێتە خەڵوز بۆ ئەو گۆڕانکاریانەی لە ناوچەکە دەکرێت، بەڵام گەر یاریزانێکی لێزان بێت لەسەر ئەو ھەموو فشارانەی لەناوخۆ و لەدەرەوە دەکرێتە سەر پشکی شێری گۆڕانکاری بەر دەکەوێت خۆی دەبێتە یەکەی سەرەکی گۆڕانکاریەکان نەخشەی بەدڵی ئەو دادەڕێژرێت. کە سەرۆکی حکومەت لە ئیمارات و قەتەرەوە و بەحرەینەوە بەرەو تورکیا دواتر بریتانیا ھەنگاوی نا، بۆ ئەوەی ھەم خواستی ئەوروپا و جیھان پڕبکات بۆ غازی سروشتی، ھەم بتوانێت پێش وەختە کورد ئامادەبکرێت بۆ ئەوەی خۆی گۆڕانکاری بە ھاوکێشەکان بکرێت نەک گۆرانکاری پێ بکرێت و لەدەرەوەی ھاوکێشەکان بێت.
سەرۆکی حکومەت خاوەنی روئیا و دوربین و ستراتیژیەتێکی ڕوون و چەسپاو و نەگۆڕە، کە دەستبەردار نەبوونی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی گەلی کوردستانە و سازش نەکردن لە سەر مافە دەستوریەکانی هەرێمی کوردستان. ھەروەھا بەگرتنەبەری ڕێگایەکی سەخت کە پڕە ئالینگاری و کۆسپ و بەربەست بە هەبوونی ئیرادەیەکی بەھێز و جدی کە کەس ناتوانێت لەو ڕێگایە پاشگەزبکاتەوە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو ھەموو ھەڵانەی لە ڕابردوو کراون، و بەسیستەمکردنی ھەرێمی کوردستان بڕدنەوەی سەر سکەی ڕاست و سەلامەت بۆ داھاتوو. جیھان و ئەوروپا ھەنگاوەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دنیابینی سەرۆکی حکومەت بۆ دەرەوە بە ئەرێنی ئایندەکی ڕوناک لێی دەڕوانن. پێشوازیەکی شاھانەی لێدەکەن، وەکو سەرۆک وڵاتێکی زلهێز لەناوچەکە نەک ھەرێم، ئەوانیش با ھەر لەدەوری خۆیان بخولێنەوە کە ئاراستەدەکرێن، جارێک بە موشکەوە دەیگرن، جارێک بە ڕاپۆرتی پڕ لە چەواشەکاری، ئێستاش بە ھێلکەوە گرتویانە، مرۆڤی کەم ھەر بە شتی کەمەوە دەیگرێت و بەکەم ڕازیە، سەرۆکی حکومەتیش بەرەو لوتکە و لوتکەی بەرزتر ھەنگاو دەنێت.
وەڵام بدەوه