هێشتا ئەنجامی كۆتایی دەنگدانی هەفتەی رابردووی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق رانەگەیندراوە، گفتوگۆی هێزە سیاسییەكان، بەتایبەتی شیعە بۆ پێكهێنان و راگەیاندنی گەوەرەترین بارستەی پەرلەمانی پێكهێنەر بۆ حكوومەتی نوێ دەستی پێ كراوە، ئێستە كێبەركێ لە نێوان محەمەد شیاع سوودانی براوەی یەكەم و نووری مالیكی براوەی دووەمی ناو ماڵی شیعە توندە.
لەوكاتەی چەند رۆژێكە و هەر لە دوای راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەكان هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوور لە سوودانی خەریكی كۆبوونەوەن بۆ پێكهێنانی گەورەترین بارستەی براوە لە پەرلەمان كە دەتوانێت حكوومەتی نوێ پێك بێنێت، عامر خوزاعی سەركردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی پێشنیاز دەكات كاندیدێكی سازان لەسەر كراو بۆ سەرۆكایەتیی حكوومەتی نوێ پێشكەش بكرێت.
خوزاعی روونی كردەوە، گفتوگۆی سەرەتایی بۆ دیاریكردنی كاندیدان و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دەستی پێ كراوە و وەك هەموو جارێك دەبێت پێوەرەكان دیاری بكرێن و ناكۆكییەكان چارەسەر بكرێن، رەنگە بابەتەكە بەرەو دیاریكردنی كاندیدێكی سازان لەسەر كراو بَێت و بۆ قۆناغی داهاتوو هەموو بژارەیەك هەیە، دووپاتی كردەوە كە بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران لەسەر بنەمای دەنگەكانی بەدەست هاتوون، لە 2014ەوە وەك پێوەر نەماوە و پێمان وا نییە زۆری دەنگی بەدەست هاتوو و كورسییەكانی پەرلەمان فاكتەری یەكلاكەرەوە بن بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران.
ئەو سەركردەی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی كرد، ئەو بابەتە پێوەندی بە رێككەوتن و سازانی هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە هەیە، كە ئەوان لە گفتوگۆدان بۆ دیاریكردنی نەخشەی هاوپەیمانییەكانی داهاتوو كە رێخۆشكەرن بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لە عێراق، ئەوەش لە سایەی نەبوونی براوە بە جیاوازییەكی زۆر كە بتوانێت بەتەنیا حكوومەت پێك بێنێت.


وەڵام بدەوه