نوسینی : ھۆگر نێروەیی
قسەم لەسەر یاسای پرۆتۆکۆڵی تورکیانیە کەئاڵا بۆ کێ و بەچی سیفاتێک دادەنرێت، بەڵام ھەرگیز ئاڵای کوردستان لەکۆشکی کۆماری تورکیا کە پاشماوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە و لە کۆشکی کۆماری ئێران کە پاشماوەی ئیمپراتۆریەتی سەفەوی یە و لە کۆشکی کۆماری عێراق کە پاشماوەی ڕژێمی بەعس و مەلیکی یە نابینن، ئاخر ئەوانە تا ئێستا کورد نە وەکو نەتەوە نە وەکو مرۆڤ نابینن، تەنھا ئەوکات مرۆڤن کە کورد نەبن!، لای ئەوان جوگرافیایەک نیە بەناوی کوردستان، ئەوجا چۆن ئەو ھەڵەیە دەکەن کە ئاڵای کوردستان لە کۆشکی خۆیان دابنێن، کە بە ناڕاستەوخۆ دان بە ھەبونی نەتەوەیەک بەناوی کورد و جوگرافیایەک بەناوی کوردستان دەنێنن!
ھەروەھا بە تایبەتی لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کەبارزانی سەرکردایەتی کرد، کە ئیمپراتۆریەتی سەفەوی و عوسمانی ھەڵوەشاندەوە. ھەرگیز ئاڵای کوردستان لەکۆشکی خۆیان دانانێن.
کێشەی جەوھەری ھەرێمی کوردستان دیلی دەستی جوگرافیایە، جوگرافیای وڵاتان لەناوچەکە خۆشیان دیلی دەستی تورکیان! کە تورکیا ستراتیژیترین پێگەی جوگرافیای لەناوچەکە هەیە کە سێ گرنگترین کیشوەری جیھانی پێکەوە دەبەستێتەوە! بەھۆی ئەو پێگە گرنگە کە تورکیا ھەیەتی، زۆر جار بێ منەتی نواندوە کە بۆ ھیچ وڵاتێک لەحەجم و پێگەی تورکیا کەم ناکاتەوە، تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە بەبێ گوێدان بە دوژمنایەتی مێژینەی ڕۆژئاوا و ڕوسیا و لەسەروبەندی شەڕی ئۆکرانیا و ڕوسیا ئەردوغان ووتی پەشیمان نابینەوە لە کڕینی موشەکی بەرگری (S-400) ڕوسی! لەکاتێک دا ناتۆ و ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی ھەموو ڕۆژ سزا بەسەر ڕوسیا دەسەپێنن! لە
لایەکی ترەوە تورکیا فرۆکەی F16 لە ئەمریکا دەكڕێت! ھەروەھا کە فرۆکەی ڕوسیا ئاسمانی تورکیای بەزاند تورکیا بەبێ گوێدان کە ڕوسیا زلھێزی جیھانە فرۆکەیان خستە خوارەوە!
ئێستاش چاودێر و ئەحزابەکانی کوردی ھاتون دەڵێن کورد بە ڕاستر بڵێین مەسرور بارزانی خۆی بەکەم زانیوە بەرامبەر بە تورکیا! سوکایەتی پێکراوە. کە ئەوان ھەر لەسەرەتاوە خۆیان یەکلایی کردۆتەوە کە سوکایەتی پێبکرێت، لەبەرەی سوکایەتی بن، کە ئێستا لە غازی ھیلیۆم سوکترن کە سوکترین ماددەی کیمیایی یە! ئەوەی ڕاستی بێت تا ئێستا کورد لەئاسایشی ناوچەکە دەرنەچووە، کە نەیارەکانی دەیانەوێت لەناوچەکە و لەژێر ھەژموونی خۆیان قەتیسی بکەن ھەربە ھێزی بە وەکالەتی ئەوان بمێنێتەوە ، بەڵام دەرفەتێکی زێرین بۆ کورد ھاتۆتە پێشەوە کەببێتە بەشێک لە ئاسایشی جیھان، لەبابەتی وزەدا کەخۆی بڕیاردەر بێت گەرچی ھەندێک تەنازولیش بکات بە قسەی ھەندێک لەچاودێر و ئەحزابەکانی کوردی کە ھێشتا لەدیواری خێڵگەریدان، گەر لە ڕاستی دا لەسیاسەت دا شتێک نیە بەناوی تەنازولات بەڵکو بەرژەوەندی ھاوبەش ھەیە.
ھەرێمی کوردستان کەلە چوار دەروازەدا گیری خواردووە، بۆ گەیشتن بەبەندەری جیھان دەریای سپی، بۆ ئەوەی ببێت بە بەشێک لە ھاوکێشەی سیاسەتی جیھان کە ئێستا سەرچاوەکانی وزە ئەم ھاوکێشەیە یەکلایدەکاتەوە. کە یەکەم دەروازە دەروازەی عێراقە، کەعیراق تەنھا داوای ڕادەستکردنی ھەرێم بەبەغدا دەکات نەک لەسەر بنەمای ھاوبەشی. دووەم دەروازەی ئێرانە، کەئێران تەنھا ھەرێمی کوردستان بە ھێزی بەوەکالەتی خۆی دەزانێت وەکو حزب اللە لبنانی و حەشدی شەعبی عێراقی، سێ یەم دەروازە کە سوریایە، کە سوریا دەمێکە تەنھا بەناو دەوڵەت ماوە گەر نا بەشێکە لە سیاسەتی وڵاتانی ھەرێمی و جیھانی.
لێرەدا تەنھا دەروازەی تورکیا دەمێنێتەوە، کە لەم بەینەدا تورکیا زیاتر بەرژەوەندی کوردستان لەبەرچاو دەگرێت گەرچی بۆ بەرژەوەندی خۆی بێت، تورکیا زیاتر لە وڵاتانی تری ھاوسنوری ھەرێمی کوردستان بێ لایەنی سیاسی دەپارێزێت، لەسەر بابەتی نەوت و غازی کوردستان تەنھا بەرژەوەندی ئابوری بۆ گرنگە نەک تێکەڵی ڕەھەندی سیاسی بکات، تورکیا بێ لایەنەتر دەردەکەوێت لە گرژی نێوان ڕوسیا و ڕۆژئاوا و ئەمریکا کە ئێران خۆی بۆ یەکلایی کردۆتەوە، کە سەرکردایەتی کورد دەیەوێت لەو پرس و ئاڵۆزیەیەی بەرۆکی جیھانی گرتوە بێلایەن بێت و ئاگرەکەیان نەگاتە ھەرێمی کوردستان.
نزیکبونەوەی کورد لەتورکیا نە لەسەر پەیوەندی خزم خزمێنەیە کەئێوە ئەو پەیوەندیانە بە خزم خزمێنانە تێدەگەن، کە ھێشتا لە دیواری خێڵگەریدان، زۆرتان ماوە لەم پەیوەندیانە تێبگەن گەر تێش بگەن ڕقو کینەتان ڕێگا نادات ڕاستی بڵێن، گەر نا لەم ھەلومەرجە پڕ ئاڵۆز و قورسەدا ماڵی بارزان نەبێت کەستان جورئەتان نیە شان بدەنە بەر ئەم بەرپرسیارێتیە، کە ماڵی بارزان بە ئامرازی سەرچاوەکانی وزە لەڕێگای دەروازەی تورکیا ئامانجیەتی کورد بکاتە بەشێک لە ھاوکێشەی جیھان. ئێوەش چۆن دەتانەوێت بەدڵی خۆتان و ئەوانەی ئێوە ئاراستە دەکەن لێکبدەنەوە.
وەڵام بدەوه