پێشان ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی جەنگ تەنها پارە و چەکی دەویست، ئێستا چونکە دنیا کراوەتەوە ئیتر چەندە هێز و پارەشت هەبن تا دڵنیا نەبیت کۆمەڵگە بە گوڵ پێشوازی سەربازەکانت دەکات ناتوانیت هێرش بکەیت. دەبێت کەشێک دروست بکەیت وەک ڕزگارکەر دەربکەویت نەک وەک داگیرکەر.
عێراق دەمێکە باڵۆنی سیاسی خۆی بۆ سەر کۆمەڵگە و شەقامی کوردستان هەڵئەدات، سەرەتا ڕیزەکانیان تێک بدە پاشان برسییان بکە، ئیتر وردە وردە دێن بە دەمتەوە، (پارتی)نەبوایە بەیانی بە قاووقیل دەهاتنە سەرمان، ئەحزابی تر و نە نوخبەی کۆمەڵگە و شەقامیش نەیاندەتوانی بەرگەی ئەو موخەتەتە موخابەراتییە بۆ هێرشی سەربازی بگرن. کورد ئەزموونی لەگەڵ بەردەوامیدان«الاستمراریة»نییە، یانی نە دەتوانێت بەرگەی تەنگانە و قەیران بگرێت نە دەشتوانێت بەردەوامی بە سەرکەوتن و فەرحانە بدات، لە قەیراندا هەر زوو یان هەڵدێت یان تەسلیم دەبێت، لە فەرحانەشدا تووشی غرور دەبێت و لە خۆیی تێک ئەدات.
لەم سەردەمی جیهانگەراییەدا گرنگتر لە پارە و چەک ئامادەکردنی کۆمەڵگەیە بۆ ئەو جەنگە. ئاخر پێشان تەنها هێز و پارەت هەبوایە دەتتوانی دەست بە هێرش بکەیت و هەرکەسیش قسەی کرد بیکوژیت، نەخێر زۆر تەنگاو بوویت دەتتوانی ژنەکانیشیان بکەیتە غەنیمەتی شەڕ بۆ سەربازەکان، ئێخۆ کە کورد ئەنفال و کیمیاباران و ڕەشبگیر دەکرا مەسەلە سیستمە جیهانییەکە بوو کە«سۆشیالزم»ی هەندێک لە برادەرانی ئێستا بوو یارمەتیدەر، ئەو سیستمە بوو«کامیرا»یەکی بە قەد دەمانچەیەک مەترسیدار کردبوو، نەک لە ئەوروپا و ئەمریکا بگرە لە گەڕەکی ئەودیویشتانەوە نەتدەزانی چەند گەنجی کورد بێسەر و شوێن کراون، چەند ماڵ دەست بۆ شەرەفیان براوە، بەڵام هەرکە سۆڤێت ڕووخا سیستمی شوومی سۆشیالزمیش لەگەڵی سڕ کرا و سیستمی«سەرمایەداری»زاڵ بوو، ڕۆژهەڵات کرایەوە بە ڕووی ڕۆژئاوادا بۆیە دنیا کۆڕەوی ملیۆنی ساڵی 1992ی کوردی بینی. جا من کە هەندێک جار دەڵێم سەرمایەداری باشە مەسەلە ئەمەیە کە کەس ناتوانێت کورد لە سێبەری سەرمایەداریدا قڕ بکات، ئەگەر نا خۆ دەزانم خەتای سەرمایەدارییە نەک ئەخلاق بگرە برنج و فاسۆلیاش تامی وەک جاران نەماوە.
Luqman Biyarae
وەڵام بدەوه