گەمارۆی ئابووری
تەنیا کوردی
یەک مۆممان بەدەستەوەیە کاتێ لە کوردستان فوی لێبکرێ، لە بەغدا ھەر فوی لێکراوە، گەر ھیچ نەبێ پارتی و یەکێتی بگەڕێنەوە سەر دەفتەرە کۆنەکە کە رێککەوتنی ستراتیژییە، ھەرچەند گۆڕانی سیاسی خەتێکی سووری بەسەردا ھێنابێ، بەڵام بۆ بەرامبەر بەغدا لەم تەوقیتە نیەتێکی باشی لێ دروستدەبێ، کە فشاری سیاسی بخەنە سەر بەغداو، ئەم قۆناغە بۆ پارێزگاری لە ھەرێم، بکەنە دەرفەتێکی نوێ و، ئەم گەمارۆ ئابوورییەی عێراق بۆ سەر ھەرێم، بشکێنن، کە بێگومان ئەم ھەنگاوە پاڵپشتی بەھێزی نێودەوڵەتیشی بەدوادا دێ.
بەغدا رێککەوتنی لەگەڵ ھەرێم لە شوشە گرتووە، بە بەردێکی بچوکیش بێ، بەرلەوەی جیبەجێبکرێ، بە شکاو حسابە، گەر ماڵی کوردی یەکبڕیار بێ، رێککەوتنەکە بشکێ، یان جێبەجێ بکرێ، ھەرێم لێی زیانبار نابێ و، دەرگای نوێ دەکرێتەوە، چونکە بەغدا قوڵایی ھێز نییە کاتێ نێوماڵی ھەرێم پەرتەوازە نەبێ.
لەم تەوقیتە، بۆ نێو ماڵی کوردی، کۆدەنگی پارتی و یەکێتی گرینگە، گەر کۆدەنگ بن، لەڕووی ئاستی ئیقلیمی و دەولی، ھێزێکی زیاتر بەبەر کورددا دەکرێ، یەکخستنی پێشمەرگەو ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ھەرێم، دەبێتە ھەنگاوێکی پێشوەختە بۆ پاڵپشتی ئەمریکاو ھاوپەیمانان لە قەوارەی ھەرێم.
مەرج نییە ھەمیشە پارتی و یەکێتی بۆچونیان یەکبێ، بەڵام زۆر گرینگە ئەمە ببێتە یاسایەک بۆ پارێزگاری لە ھەرێم یەک پرۆگرامی ھاوبەشیان ھەبێ کە ئەمە ھەنگاوێکی گرینگ دەبێ بۆ کۆدەنگی ھێزە سیاسییەکان، چونکە لەو دەفتەرەی باسم کرد وەک رێککەوتنی ستراتیژی ھەر چەند کۆنبێ، لە کاتی پێویستدا سوود وەرگرتن لێی، دەبێتە رووناکی بۆ ئەو تونێلەی کە کورد لە ناوچەکەدا پێیدا دەڕوات.
ئەوانەی لە بەغدا دەڵێن، چارەنووسی کورد لە تونێلێکی تاریکدایە، نەوەک لە تونێل، چارەنووس کەوتووش بێ، گەر نێوماڵی کوردی یەکبێت، ئومێدی لێ دروستدەبێ، بەتایبەت بۆ ئەم قۆناغە.
دەمێکە کاتی خواردنەوەی قاوەیەکی پارتی و یەکێتی ھاتووە، ھەرچەند رێگای نێوان پارتی و یەکێتی لەم ساڵانەدا زۆر کۆڵانی لێ بووەتەوە، بەڵام کاتێ مەترسی لەسەر قەوارەی ھەرێم دەبێت، گەر قاوەکە بە ساردی یان گەرمی بوخرێتەوە، بۆ پارێزگاری لەم قۆناغەی ھەرێم، تامێکی شرینی بۆ پارێزگاری لە قەوارەی ھەرێم، دەبێ.
بەغدا دەیەوێ، ھەرێم تامی دۆڕانێکی گەورە بکات، بەغدا لە ترسی ھەندێ حسابات نایەوێ رێککەوتن بشکێنێ، بەڵام دەیەوێ لە پەنای رێککەوتن مەرج بەسەر ھەرێم بسەپێنێ، ھەر چەند کورد لەمێژە بۆنی ئەم چێشتەی بەغدای کردووە کە ھەر کاتێ بەغدا لەسەر ھێزبێ، دەیەوێ یەکەم شت کورد لەسەر خوانی عێراقدا نەبێ، بەڵکوو وەک نەتەوەی ژێردەست، دیلی دەستی بەغدا بێ، ئەمە ھەرچەندە وەک چیرۆکێکی درێژ وایە، زەمەن دووبارەی دەکاتەوە و، بووەتە واقعێکی تاڵ، ھەرچەند رێگای دەربازبوون لە عێراق زۆر تاقیکراوەتەوە بۆئەوەی ئەم چیرۆکە کۆتایی بێ، بەڵام دواجار ھەر بەناوی ھەیکەلی فیدڕاڵی، کورد ناچار بە گەڕانەوە بۆ بەغدا کراوە.
بەغدا راستە قوڵایی ستراتیژییە وەک ھێز نا وەک ھەیکەلی فیدڕاڵی، ئەگەر قەزیەی کورد راستەڕێ بکرێ، بەڵام لەم قۆناغەدا کە پیلانێکی گەورە لە دژی کەوتنی ھەرێم ھەیە، پێویستە پارتی و یەکێتی و ھێزە سیاسییەکانی تر، ئەو دەرفەتە بکەنە پرسێکی باڵای نیشتمانی و جارێکی تر لە دەوری یەکتردا ئەو فاڵە سیاسییەی بەغدا لە شەقاندنی فنجانی قاوەیەکدا دەیەوێ چارەنووسی کورد رەش بکات، بە ھەڵوێستێکی کوردستانیانە، بەتاڵ بکرێتەوە.
گوتراوە "ئەوەی بزانێ چۆن چاوەڕێ بکا، پێویستی بە سازشکردن نابێ"، ئەوەی کوردیش چاوەڕێی کردووەو قەزیەکەی رادەستنەکردووە، پێویستە رەگەکەی لە شەقام بەھێزتر بکرێ، کۆدەنگی نێو ماڵی کوردستانی یەکێک لەو رێگایانەیە کە شکست بەو فاڵە دێنێ، کە بەغدا ناوی ناوە دەرگای بەخت و، یەکھەڵوێستی کوردیش پێویستە ناوی بنێ، بەتاڵکردنەوەی فاڵ.
وەک دوستۆیڤسکی دەڵێ، "کاتم بۆ شکست نییە"، ئەم ئەزمونەی ھەرێمیش دەبێ وابێ، ناکرێ ھیچ ھێزێک بەدیار شکستی ھەرێم دانیشێ، چونکە سەرکەوتنی ئەم قۆناغە واتە دووبارە خەواندنەوەی ئەم دەنگە ناشازانەی کە خەون بە کەوتنی ھەرێم دەبینن.
وەڵام بدەوه