بڕیارە لە سەعات 11ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی دەوڵەت كۆبوونەوەی كۆتایی ئەنجام بدات و بۆچوونی خۆی بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بنێرێت، لە كۆبوونەوەكەدا دوو راوێژكاری كوردیش بەشدارن.
ئەمڕۆ پێنجشەم 18ـی ئەیلوول، بەپێی زانیارییەكان کە لە بەرپرسێكی وەرگرتووە، ئەمڕۆ كۆتایی بەو كاتە دێت كە نووسراو بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت كراوە، ئەویش پێنجشەمی رابردوو بوو.
زیاتر گوتی، ئەمڕۆ بەپێی ئەو كاتەی دیاری كراوە، دەبێت ئەو ئەنجوومەنە بۆچوونی خۆی بدات، لەوەش زیاتر ناتوانن دوای بخەن، چونكە بەپێی نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران، یەك هەفتەیان بۆ دیاری كرابوو.
هاوكات دوێنی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، دووپاتی لە چارەسەری كێشەكان كردەوە كە ئاسانكارییەكی زۆری پێشكەشی عێراق كردووە بۆ كۆتاهاتن بەو كێشەیە.
شوان كەلاری ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، شەوی رابردوو لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی گرنگ لە نێوان بەرپرسانی هەولێر و بەغدا ئەنجام دراوە.
زیاتر گوتی، ئەنجوومەنی دەوڵەت سەرقاڵی ئامادەكردنی بۆچوونی خۆیەتی لەسەر داهاتی ناوخۆ، ئەوەش زانراوە بۆچوونەكان باشن، بۆیە چاوەڕوانی سبەی دەكەین.
روونی كردەوە، رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی كوردستان زیادی كردووە، نزیكە لەو رێژەیەی رێككەوتنی لەسەر كراوە، بۆیە بەو هیوایەن بەیانی بڕیار بدرێت.
دەشڵێت، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ سێ مانگ دەچێت مووچەیان وەرنەگرتووە، بۆیە پێویستە بڕیاری خێرا بدرێت و ئەو كێشەیە كۆتایی پێ بێت، سبەی لە كۆتایی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران باس دەكرێت.
گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی نەوت و داهاتی ناوخۆ بەردەوامی هەیە، شەوی رابردووش كۆبوونەوە هەبووە، سبەی سەعات نۆی بەیانیش كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت هەیە.
وەڵام بدەوه