ئەمڕۆ چوارشەم هەریەك لە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە و سەرۆك وەزیران و محەمەد شەهباز شەریف سەرۆك وەزیرانی پاكستان رێككەوتننامەیەكی ستراتیجیی بەرگریی هاوبەشیان واژوو كرد، ئەوەش دوای سەردانێكی سەرۆك وەزیرانی پاكستان بۆ ریاز، رێككەوتننامەكە هەر هێرشێكی دەرەكی بۆ سەر سعوودیە بە هێرش بۆ سەر پاكستانیش دادەنێت.
بەرپرسێكی باڵای سعوودی بە "رۆیتەرز"ی گوت، رێككەوتننامەی ستراتیجیی بەرگریی هاوبەش لەگەڵ پاكستان، رێككەوتننامەیەكی بەرگریی فرەوانە وە هەموو بوارە سەربازییەكان دەگرێتەوە، بەرجەستەی هاریكارییەكی درێژخایەنی نێوان هەردوو وڵات دەكات و تەنیا وەڵامدانەوەیەكی رووداوی دیاریكراو نییە.
لای خۆیەوە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی پاكستان لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند رێككەوتننامەكە ئاماژەیە بۆ پابەندیی هاوبەشی هەردوو وڵات بە بەهێزكردنی ئاسایشیان و جێگیربوونی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەكە و دنیا، بە مەبەستی پەرەپێدانی بوارەكانی هاریكاریی بەرگری لە نێوان هەردوو وڵات و بەهێزكردنی توانای بەرپەرچدانەوەی هاوبەش لە دژی هەر دەستدرێژییەك، بەپێی رێككەوتننامەكەش هەر دەستدرێژییەك بۆ سەر ئاسایشی هەریەك لەو دوو وڵاتە دەستدرێژییە بۆ سەر هەردووكیان.
شایەنی باسە سعوودیە و پاكستان پێوەندییەكی مێژووییان هەیە و بۆ 70 ساڵ دەگەڕێتەوە، ئێستە ئەو پێوەندییە بۆ رێككەوتننامەیەكی ستراتیجیی بەرگریی هاوبەش پەرەی سەندووە، كە توانا بەرگرییەكانیان بەرانبەر بە هەر دەستدرێژییەكی چەكداریی دەرەكی بۆ سەر هەردوو وڵات یەك دەخات و بەهێزتری دەكات، ئەوە لەو كاتەی پاكستان هێزێكی ئەتۆمییە و خاوەن توانایەكی گەورەی سەربازییە، لەوكاتەی سعوودیە هێزێكی گەورەی ئابوورییە و هەردووكیان پێویستیان بە یەكترە.
وەڵام بدەوه