کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکی فەرمی و هۆشداریدەردا ڕایگەیاند، کردنەوەی تەواوەتیی گەرووی ستراتیژیی هورمز لەبەردەم کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکاندا تەنیا بە یەک مەرجی سەرەکی دەبێت، ئەویش هەڵگرتنی سەرجەم سزاکانی سەر هەناردەی نەوتی ئێران و گەرەنتیکردنی ئاسایشی ئاویی ناوچەکەیە بەبێ دەستوەردانی هێزە بێگانەکان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ئێران (ئێرنا)، دەسەڵاتدارانی سەربازی و دیپلۆماسیی تاران جەختیان کردووەتەوە کە کۆنترۆڵی ڕێڕەوی هورمز لە دەستی سوپای پاسداراندایە. تاران ئاماژەی بەوەش کردووە کە ڕێگە نادات هیچ وڵاتێک بە سەپاندنی سزای تاکلایەنە گەمارۆ بخاتە سەر هەناردەی نەوتی ئێران و لە هەمان کاتدا کەشتییە بیانییەکان بە ئازادی و بەبێ هیچ بەربەستێک لەو گەرووەوە نەوت بگوازنەوە.
لە بەشێکی دیکەی هۆشدارییەکەدا، بەرپرسانی تاران دووپاتیان کردووەتەوە: "یان دەبێت نەوتی هەموو وڵاتان بە ئارامی هەناردە بکرێت، یاخود ئەگەر نەوتی ئێران هەناردە نەکرێت، هیچ کەسێک ناتوانێت گەرەنتیی هاتووچۆی ئارام لە کەنداو بکات".


وەڵام بدەوه