لە ماوەی دوایی هەواڵ و راپۆرتەكان گرنگییەكی زۆریان بە بابەتی لابردنی سفرەكانی سەر دراوی عێراقی دا، كە حكوومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو تەنگژە داراییەی هەیە پەنای بۆ ببات، ئەمڕۆ چوارشەم بانكی ناوەندی عێراق ئەو هەواڵانەی رەت كردەوە.
بەپێی بەیاننامەیەكی بانكەكە، ئەوەی لە راگەیاندنەكان لە هەواڵ و لێدوان لەبارەی چاپكردنی پارەی نوێی عێراق و لابردنی سفرەكانی سەر دراوی عێراق لە لایەن بانكی ناوەندییەوە بۆ خستنەڕووی لە بازاڕەكان بڵاو كراوەتەوە، پشت بە هیچ سەرچاوەیەكی فەرمی نابەستێت، ئێمە چاپكردنی پارەیەكی نوێی عێراقی بە لابردنی سفرەكانی سەری لە لایەن بانكی ناوەندییەوە رەت دەكەینەوە.
بانكەكە روونی كردەوە، هەر پڕۆژەیەكی داهاتوو سەبارەت بە رێكخستنەوەی جۆرەكانی پارەی عێراقی یان لابردنی سفرەكانی سەر دراو، لە حاڵەتی بڕیاردانی فەرمی لەوبارەوە، بە چەندان قۆناغی یاسایی و رێكخستن و تەكنیكیدا تێپەڕ دەبێت، لە كاتی بڕیاردان لەسەر ئەو بابەتە لە كەناڵە فەرمییەكانی بانكەكە و میدیاكانەوە دێتە راگەیاندن، راگەیاندنی بابەتێكی لەو جۆرەش، بوارێكی كاتیی گونجاوی لەگەڵدا دەبێت بۆ هاووڵاتییان و بانك و دامەزراوەكان بۆ گۆڕینەوەی پارەكانیان بە شێوەیەكی رێكوپێك و سەلامەت، بۆ مسۆگەریی پاراستنی ماف و پابەندییە داراییەكانی هەموو لایەك


وەڵام بدەوه