حکوومەتی ئێران دەستی کردووە بە تێکەڵکردنی مادەی کیمیایی لەناو هەورەکان، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەورەترین وشکەساڵی کە لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە وڵاتەکە تووشی قەیرانێکی ئاوی گەورە بووەتەوە کە کاریگەریی لەسەر ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی دانیشتوان دروست کردووە.
لە سەرەتای مانگی نۆڤەمبەردا، مەسعود پزیشکیان، سەرکۆماری ئێران، هۆشداریی دابوو لەوەی کە ئەگەر پێش کۆتایی ساڵ باران نەبارێت، ڕەنگە دانیشتوانی تاران ناچار بن شارەکە بەهۆی کەمیی ئاوەوە چۆڵ بکەن
دەریاچەی ورمێ لە مەترسیدایە
یەکێک لە دەرکەوتەکانی ئەم وشکەساڵییە، دۆخی دەریاچەی ورمێیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان. بە گوێرەی ئاژانسی (تەسنیم)، زیاتر لە 90%ی ئەم دەریاچەیە وشک بووە کە وای لە دەسەڵاتداران کردووە بە پێشخستنی پرۆژەی بارانی دەستکرد هەوڵی بووژاندنەوەی بدەن.
محەمەد مێهدی جەوادیانزادە، سەرۆکی رێکخراوی پەرەپێدان و تەکنۆلۆژیای نوێی ئاویی بەرگەهەوا، ڕایگەیاندووە: ”یەکەم ئۆپەراسیۆنی پیتاندن هەور لە ساڵی 2025دا ڕۆژی شەممە لە ناوچەی باکووری رۆژئاوای وڵاتەکە و حەوزی دەریاچەی ورمێ ئەنجام دراوە.“
تاران چاوەڕێی باران دەکات
سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی پرۆسەی پیتاندنی هەور لە پارێزگای تاران، جەوادیانزادە ڕایگەیاندووە: ”هێشتا هەورەکانی تاران بۆ دەستپێکردنی ئەو پرۆسەیە گونجاو نین.“
هاوکات، ئەحمەد وەزیفە، سەرۆکی ناوەندی نیشتمانیی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی کەشوهەوا و وشکەساڵی، ئاماژەی بەوە کردووە کە بەنداوەکانی پارێزگاکانی تاران، ورمێ و ئازەربایجانی رۆژهەڵات لە دۆخێکی نیگەرانکەردان و ئاستی ئاوەکانیان بۆ ژێر 10% کەم بووەتەوە.
گۆڤاری (فۆربس) ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی ئەو وشکەساڵییەی لە ساڵانی ڕابردووەوە بەشێکی بەرچاوی ئێرانی گرتووەتەوە، هاوکات نەبوونی پلانێکی تۆکمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی، بەشێکی زۆر لە سەرچاوە سروشتییەکانی وشک کردووە و دانیشتوانی ئێرانی ڕووبەڕووی گەورەترین قەیران کردووەتەوە.
جیێ باسە، تەکنەلۆژیای پیتاندنی هەور لە زۆر لە وڵاتانی جیهان پێڕەو دەكرێت. چین لە ساڵی 2008دا بۆ کۆنترۆڵکردنی کەشوهەوا پەنای بۆ بردووە، هیندستان هەندێک جار بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا پەنای بۆ دەبات و ئیمارات لە ساڵی 2010ەوە ئەم تەکنەلۆژیایە بەکار دەهێنێت و دوایینیان تیشک دەخاتە سەر بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد بۆ باشترکردنی ئەنجامەکانی.
نها، وەزارەتی وزەی ئێران دەستی کردووە بە ئۆپەراسیۆنی پیتاندنی هەورەکانی پاییزی ئەمساڵ، بە کەڵکوەرگرتن لە فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تا لە ڕێگەیانەوە قەیرانی کەمئاوی و كاریگەرییەكانی کەم بکاتەوە.


وەڵام بدەوه