سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی کردەوە بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی بەردەوامە، سەرەڕای دانپێدانان بەوەی کە هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا زیانێکی بەرچاویان بە دامەزراوەکانی گەیاندووە.
خەتیبزادە بە کەناڵی "سی ئێن ئێن"ی ڕاگەیاند، هەر گفتوگۆیەکی داهاتوو لەگەڵ ئەمەریکا بەندە بە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە ڕێگە بە ئێران بدات بەردەوام بێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم. گوتیشی: "پیتاندنی سفر یان هەوڵدان بۆ بێبەشکردنی ئێران لە مافە بنەڕەتییەکانی، بۆ تاران نابێتە بژاردە."
سەعید خەتیبزادە ئاماژەی بەوەشکرد، بەرنامەی مووشەکی ئێران لە "قۆناغی چاکسازی و بوژانەوە"دایە و جەختی کردەوە، ئێران "بەرنامەیەکی سەربازیی شەرعی بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی" هەیە.
لەلایەکی دیکەوە، عەباس عراقچی، گەورە دانوستانکاری ئەتۆمی ئێران، دووپاتی کردەوە ناکرێت وڵاتەکەی لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتیانە بێبەش بکرێت، بەڵام جەختیشی کردەوە، "تاران هەرگیز دەستبەرداری بژاردەی دانوستان و دیپلۆماسی نەبووە."
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە هەواڵگرییە ئەورووپییەکان، کۆمپانیا چینییەکان یارمەتی ئێران دەدەن لە دووبارە بنیاتنانەوەی بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی. کەناڵی سی ئێن ئێن ئاشکرای کردووە لە کۆتایی مانگی ئەیلوولەوە چەندان کاروانی "سۆدیۆم پەرکلۆرات"، کە ماددەیەکی سەرەکییە بۆ دروستکردنی سووتەمەنی مووشەک، لە چینەوە گەیەنراونەتە ئێران.
لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، ئیسرائیل بە بەشدارییەکی ئەمەریکا، بۆمبارانێکی چڕی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەستپێکرد. ئەو جەنگە 12 ڕۆژییە وایکرد ئێران بە هێرشی مووشەکی و درۆن وەڵام بداتەوە، ئەمەش بووە هۆی لەناو بردنی ئەو دانوستانە ئەتۆمییانەی کە لە مانگی نیسانەوە لە نێوان تاران و واشنتن دەستیان پێکردبوو.
ئامانجی ئەو گفتوگۆیانە گەیشتن بوو بە ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لە بەرامبەر سووککردنی سزاکاندا.
عراقچی لەبارەی چاودێری نێودەوڵەتییەوە گوتی: "لە ئێراندا هیچ پیتاندنێکی ئەتۆمی ڕانەگەیەندراو نییە. هەموو دامەزراوەکانمان لەژێر پارێزبەندی و چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدان."


وەڵام بدەوه