بەر له سەردانەکه لەگەڵ تێکڕای پارته سیاسییەکانی کوردستان کۆبوومەوەو پرسیارم لێ کردن ئایا پێیان باشه بابەتی سەربەخۆیی لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریکا باس بكەم. هەموو لايەنەکان پێیان باش بوو که لەگەڵ سەرۆک ئۆباما باسی سەربەخۆییی کوردستان بكەم. دوای بەدەستهێنانی ئەو پشتگیرییه سیاسییەی لایەنەکانی هەرێم ئامادەکارییەكان بۆ سەردانەکەمان بۆ ئەمەریکا ئەنجام دران.
له سەفەرەکەدا به مەبەست ويستم قوباد تاڵەبانیی جێگری سەرۆکی حکوومەت که کوری خوا لێی خۆش بێ مام جەلالە و دەرباز کۆسرەت که وەزیری حکوومەت و کوڕی کوسرەت رەسووڵ و هەروەها مستەفا سەيدقادر که له بزووتنەوەی گوڕان بوو و وەزیری پێشمەرگه بوو، لەگەڵ ئەو شانده کوردستانييەبن که سەردانی کۆشکی سپی دەکەین. ویستم ئەوان دواتر شاهیدیی ئەوه بدەن كه لەگەڵ سەرۆک ئۆباما و بەرپرسه ئەمەريكاييەكان چۆن باسی سەربەخۆیی و مافەکانی گەلی کوردستانم کردووه و هەڵوێستی ئەمەریکایش ببينن و بۆ حيزبەكانيان و جەماوەری خۆیان باسى بكەن. ويستم ئەوانم لەگەڵ بن و شاهيد بن بۆ ئەوەى دواتر کەس نەڵێ سەربەخۆیی بابەتێکی شەخسیی مەسعود بارزانييه. بەڵکو، ئەوه بزانن كه سەربەخۆیی پەیوەسته به ژیان و چارەنووسی هەموو هاوولاتیان بەبێ جیاوازیی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی و مافی هەمووانه...
لە کۆشکی سپی سەرۆک ئۆباما پێشوازی لێ كردين لـه كۆبوونەوەکەدا جۆبایدن، جێگری سەرۆکی ئامەریکا و باڵیۆزى ئەمەريكا له عێراق و چەند ڕاوێژکارێکی کۆشکی سپی ئامادەبوون. زۆر به ڕاشکاوی موعاناتی سەد ساڵەی گەلی کوردستانم بۆ سەرۆک ئۆباما باس کرد و پێم گوت، ئێمه هەموو ڕێگەیەکمان تاقی کردووەو لەم دۆخه ماندووین.
گەلی کوردستانیش سەد ساڵه قوربانی دەدات و به پێی هەموو ياسا و عورفه ئاسمانی و مرۆڤییەکانیش مافی خۆیەتی بڕیار له چارەنووسی خۆى بدات و خۆى ببێته خاوەنی بڕیاری خۆی و ئەو ڕێگایه بگرێتەبەر که به باشی دەزانێت. پێم گوت که ئێمه بەرەو ڕیفراندۆم دەڕۆين، بەڵام ئێستا ئەولەويەتی سەرەکیی ئێمه شەڕی داعشه.
بەغدا شەراکەتی پێ قبووڵ ناکرێ و ئێمەيش ناتوانین پاشکوبوون قبوڵ بكەين. ئەگەر ئەو سیاسەتەی بەغدا بەردەوام بێت ئێمه ناتوانین بەم جۆره لەگەڵيان بەردەوام بين؛ سەرۆک ئۆباما زۆر
بەباشی گوێی بۆ قسەکانم گرتبوو.
گوتی له بارەی کوردم خوێندووەتەوەو ئاگاداری مێژووی کورد و خەبات و نەهامەتییەکانی گەلی کوردستانم. لە نیاز و تەمای گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆیی تێدەگەم، بەختەوەریشم کە لێتان دەبیستم لە ئێستادا ئەولەوییەت ڕاماڵین و نەهێشتنی داعشە. سەرۆک ئۆباما گوتیشی دۆسیەی کورد و عێراق لە دەستی جێگری سەرۆک(جۆبایدن)ـە...
بــۆ مــێژوو
لاپەڕە ٦٧٫٦٦
وەڵام بدەوه