وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ شاندی تەکنیکی عێراق بۆ پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، شاندەکە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لە هەولێر لە کۆبوونەوەکە خستووەتەڕوو، چاوەڕوان دەکرێت بەغدا لە هەفتەی داهاتوو بڕێک پارە بۆ مووچەی مانگی 11 بنێرێت.
ئەمڕۆ 26-12-2024، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ ئەو شاندەی بەغدا کۆبووەوە کە پێش چەند ڕۆژێک لە هەولێر لەگەڵ شاندی تەکنیکی هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتێکیان سەبارەت بە مووچە و داهات و خەرجییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکردبوو.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: ڕاپۆرت و یاداشتەکانی کۆبوونەوەی هەردوو شاندەکە لە هەولێر براوەتە لای تەیف سامی و گفتۆگۆی لەسەر کراوە، چاوڕوانی ئەنجامی کۆبوونەوەن کە چ بڕیارێک دەدرێت بەتایبەت لەبارەی ناردنی پارەکەوە.
تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک لەلایەن وەزیری دارایی عێراق لەبارەی ناردنی پارە نەدراوە. هاوکات ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بە هامان شێوە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران بەڕێوەچوو، هیچ بڕیارێک بۆ خەرجکردنی پارەی مووچەی خەڵکی کوردستان نەدرا.
، بە ئەگەرێکی زۆرەوە چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو بڕێک پارە لەلایەن بەغدا بنێردرێت، بەڵام نازانرێت بڕەکەی چەندە، هەروەها بەشی پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی مانگی 11 دەکات یان نا.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا تیمێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد، بە ئامانجی چارەسەری کورتهێنانی مووچەی مانگی 11 و یەکلاکردنەوەی پرسی مووچەی مانگی 12، لیژنەکەش گەڕاونەتەوە هەولێر.
وەڵام بدەوه