KurdistanPress...

CLOSE

وێنەی دەریاچەی وان لە پێشبڕکێی ناسادا گەیشتە قۆناخی پێش کۆتایی

ئاژانسی ناسا بڵاویکردەوە وێنەیەکی دەریاچەی وانی باکووری کوردستان گەیشتە چوارگۆشەی زێڕینی ئەو پێشبڕکێیەی کە بۆ جوانترین وێنەکانەکانی ئاسمانەوانەکان رێکخراوە.

رۆژی 15ی ئاداری 2021 ئاژانسی ناسا کێبڕکێیەکی فۆتۆگرافیی بۆ ئاسمانەوانان رێکخست کە تێیدا 32 وێنە بەربژێرکران، یەکێک لە وێنەکان دەریاچەی وانی باکووری کوردستان بوو، کە لە بۆشایی ئاسمانەوە چرکێنراوە.

پێشبڕکێکە لەڕێی دەنگدانی ئۆنڵاینەوە بەڕێوەچوو و دوای تێپەڕبوونی 15 رۆژ ناسا لە پەیجی فەرمیی خۆی ئەو چوار وێنەیەی بڵاوکردەوە، کە گەیشتوونەتە چوارگۆشەی زێڕین. یەکێک لەو وێنانەش وێنەی دەریاچەی وانە.  

لەم پێشبڕکێیەدا وێنەکان دوو دوو دەخرێنە رکابەرییەوە؛ یەکێکیان سەردەکەوێت و ئەوەی دیکە دەکرێتە دەرەوە. ناسا رایگەیاندووە لە خولی رابردوودا دەریاچەی وان 52.5٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و بە جیاوازییەکی کەم رکابەرەکەی بەزاندووە.

دەنگدان بۆ وێنەکانی چوارگۆشەی زێڕین لە 29ی ئادار دەستیپێکردووە و تاوەکو 5ی نیسان بەردەوامدەبێت. ئەگەر ئەمجارەش دەریاچەی وان بیباتەوە، دەچێتە فیناڵ.

کەیت روبینس، کەشتیوانی ئاسمانی رۆژی 12ی ئەیلوولی 2016  وێنەکەی دەریاچەی وانی گرتووە.

هاونیشتمانیانی باکووری کوردستان، بەتایبەتیش پارێزگاکانی وان و بەدلیس، کە دەکەونە هەردوو دیوی ئەو دەریاچەیە، بەشێوەی جۆراوجۆر پشتیوانی و دڵخۆشیی خۆیان نیشاندەدەن. هاونیشتمانیانی وان و بەدلیس ئەم وێنەیەیان لە هەژمارەکانی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکەنەوە و داواکارن پشتگیریی لێبکرێت بۆ ئەوەی لە کێبڕکێیەکەدا دەنگ بهێنێت.

محەممەدئەمین بیلمەز، پارێزگاری وان خۆشحاڵیی خۆی بە هەڵبژاردنی وێنەکەی دەریاچەی وان بۆ کێبڕکێی ناسا دەربڕی و رایگەیاند: "ئەم کێبڕکێیە بووەتە هەلێک بۆ زیاتر ناساندنی دەریاچەی وان. ئەم دەریاچەیە یەکێکە لە جوانترین شوێنەکانی جیهان و پێویستە ئەم بەهایە بپارێزین و وەک خۆی پێشکەشی نەوەکانی ئایندەی بکەین".

بەشێک لە هاونیشتمانیانی باکووری کوردستان و تورکیا لینکی پشتیوانیکردن لە وێنەی دەریاچەی وان بڵاودەکەنەوە و داوا دەکەن لە رێی لینکی https://earthobservatory.nasa.gov/tournament-earth دەنگ بدەن بۆ ئەوەی لە چوارگۆشەی زێڕینیشدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و بگاتە فیناڵ.

ناسا نووسیوێتی: "ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە ئاسمانەوانان وێنەی جۆراوجۆر دەگرن و دیمەنی ناوازەی زەوی بڵاودەکەنەوە. باشە بەڕای ئێوە کام وێنەی زەوی سەرنجڕاکێشترینە و زۆرترین ماوە لە هزری مرۆڤدا دەمێنێتەوە؟ هەڵیانبژێرن.   

دەریاچەی وان گەورەترین دەریاچەی کوردستانە، رووبەرەکەی 3 هەزار و 713 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و چوار دوورگەی تێدایە. رێژەی خوێ و سۆدە لە ئاوەکەیدا بەرزە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه