KurdistanPress...

CLOSE

کاتى گەیشتنى شەپۆلێکى باران بارین ڕاگەیاندرا

كەشناسێك لەبارەی هاتنی شەپۆلی بارانبارینەكە روونكردنەوە دەدات و وردەكاریی دەخاتەڕوو. پێشبینی دەكرێت رۆژی یەكشەمی داهاتوو كەشوهەوا لەگەڵ بارانبارینەكە سارد بێت.

ئەمڕۆ سێشەم ئاراس جەبار شارەزای كەشناسی رای گەیاند، لە نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەم حاڵەتی ناسەقامگیریی كەشوهەوا بەشێوەیەكی لاواز، بەسەر ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقدا دەست پێ دەكات بەبارانی پچڕ پچڕ و كەم و هەندێك كات هەورەبروسكەش چالاك دەبێت، پاشان لە كاتەكانی شەوی پێنجشەم لەسەر هەینی كاریگەرییەكانی بەلاوازی درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەكانی ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی و كەركووك، ئەگەری بارانێكی پچڕ پچڕ و كەم بۆ مامناوەند دەبێت .

باسی لەوەش كردووە، لە هەندێ شوێنیشدا هەورەبروسكە چالاك دەبێت و بۆ رۆژی هەینی 1/11/2024 كاریگەرییەكانی بەلاوازی لەسەر ئەم ناوچانە بەردەوامی دەبێت، رۆژی شەموو 2/11/2024 حاڵەتەكە بەلاوازی دەمێنێتەوە و فراوان دەبێت بۆ سەر ناوچەكانی پارێزگای هەولێر و دهۆك و ئیدارەی راپەڕین، بۆیە ناوبەناو رۆژی شەموو بارانی كەم و مامناوەند لە تەواوی ناوچەكاندا دەبارێت و جاروبار هەورەبروسكەش چالاك دەبێت.

روونی كردەوە، لە رۆژی یەكشەم 3/11/2024 بارستەهەوا ساردەكەی سەرەوەی بەرگەهەوای دەریای ناوەڕاست، دەگاتە ئاسمانی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و بەهۆیەوە هەوایەكی زۆر تەڕ و شێدار، بەخێرایی لە باشوورەوە دەگاتە سەر ناوچەكە و ناسەقامگیریی كەش بەهێزتر دەبێت، لە ئەنجامدا لە ماوەی هەردوو رۆژی یەكشەم و دووشەم، لە سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ئەگەرێكی بارانبارینێكی زۆر دەبێت كە زیاتر بەشێوەی بارانی بەخوڕ دەبێت، لەگەڵ چالاكبوونی هەورەبروسكەی توند و بارینی تەرزەش لە ناوچەی جیاجیا و نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما بە رێژەی سێ بۆ چوار پلە، لەم قۆناغەدا ئەگەری دروستبوونی لافاو و دروستبوونی هەوری بەهێز بەسەر هەندێك لە ناوچەكاندا دەبێت.

دەشڵێت، بارانی سەرانسەری و زۆرترین رێژەی باران لە رۆژانی یەكشەم و دووشەم دەبێت و رۆژی سێشەم 5/11/2024، كاریگەرییەكەی لاواز دەبێت و هەمان رۆژیش كۆتایی پێ دێت و كەش لە تەواوی ناوچەكان سەقامگیر دەبێتەوە. لەبارەی رێژەی پێشبینیكراوی دابارینی باران لە ماوەی ئەم شەپۆلە بەگشتی، كەمترین رێژە بۆ سەرانسەری ناوچەكان لە سەرووی 25 بۆ 30 ملیمەتر چاوەڕوان دەكرێت، زۆرترین رێژەش لە سەرووی 100 ملیمەتر چاوەڕوان دەكرێ، بەتایبەت لە هەندێ ناوچەی سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین و سەنتەری پارێزگای هەولێر، ئەگەری زۆرترین رێژەی بارانبارین دەبێت .

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه