سەرۆكی داهاتووی ئەمەریكا پەیامێك بۆ محەمەد شیاع سوودانی دەنێرێت و پێی دەڵێت: دەبێت چەك لە دەستی دەوڵەتدا بێت نەك گرووپە چەكدارەكان.
مەحموود مەشهەدانی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێراوی ئەمەریكا بە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی گوتووە، پێویستە چەك لە دەستی دەوڵەتدا بێت نەك گرووپە چەكدارەكان."
لەبارەی وەڵامی سوودانی بۆ داواكەی ترەمپ، مەشهەدانی باسی لەوە كرد حكوومەتی عێراق كار دەكات تا هەموو جۆرە چەكێك لە دەستی دەوڵەتدا بێت نەك هێزی تر.
سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بەوەش كرد، گرووپە چەكدارەكان هێرشەكانیان بۆ سەر هێزەكانی ئەمەریكا وەستاندووە، بەمنزیكانەش بوونی هێزەكانی ئەمەریكا یاسایی دەكرێت.
مەشهەدانی روونی نەكردەوە ترەمپ كەی و بە چ رێگەیەك پەیامی وای بە سەرۆك وەزیرانی عێراق داوە. بەڵام چاودێران پێیان وایە لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا رێگە بەعێراق نادرێت میلیشیای چەكداری بەڕێوەی بەرێت و دەسەڵاتیان لەو وڵاتە بمێنێت.
وەڵام بدەوه