نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا، ئاگادارییەکی گرنگی ئاڕاستەی ئەو فەرمانبەرانە کرد کە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن و داوای درێژکردنەوە یان وەرگرتنی مۆڵەتی بێمووچە دەکەن.
بەپێی دوا ڕێنماییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری، مۆڵەتی بێمووچەی پێنج ساڵە کە پێشتر ببووە ڕێگەپێدراو و تاوەکو 10 ساڵ (بە دوو قۆناغی پێنج ساڵی) نوێ دەکرایەوە، بەتەواوی هەڵوەشێنراوەتەوە و کاری پێناکرێت.
لە نووسراوەکەی نوێنەرایەتیی حکوومەتدا هاتووە کە ئێستا بەخشینی مۆڵەتی ئاسایی بێمووچە لە دەسەڵاتی وەزیر و سەرۆکی دەستە نەبەستراوەکان بە وەزارەتەکانە، بەمەرجێک کۆی ماوەی مۆڵەتەکە لە دوو ساڵ تێنەپەڕێت.
داواش لە فەرمانبەرانی نیشتەجێی ئەمریکا و کەنەدا دەکرێت بۆ زانینی وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە مامەڵەکانیان، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە وەزارەت و فەرمانگەکانی خۆیانەوە بکەن، یان لە ڕێگەی ئیمەیڵی کاروباری کونسوڵگەریی نوێنەرایەتییەکەوە پەیوەندیدار بن.
پوختەی هەواڵ:
وەزارەتی دارایی هەرێم مۆڵەتی بێمووچەی پێنج ساڵەی هەڵوەشاندەوە و لەمەودوا بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، فەرمانبەران تەنیا دەتوانن بۆ ماوەیەک کە لە دوو ساڵ تێنەپەڕێت مۆڵەتی بێمووچە لەلایەن وەزیر یان سەرۆکی دەستەکەیانەوە وەربگرن.
#Kurdistanpress


وەڵام بدەوه