یەکێک لەو هەنگاوانەی وڵاتانی پێشکەوتوو لە بەرە پێشەوە بردنی کۆمەڵگا ناویانە، پرۆسەی هەنگاو بە هەنگاوی نەهێشتنی رۆتینیاتی ئیداری و ئاسانکاریە لە بواری رایی کردنی کاروباری هاوڵاتیان لە گشت ئاستێکی کۆمەڵگادا.
یەکێک لە دەرهاوێشتە خراپەکانی رۆتینیاتی ئیداری کەڵەکە بوونی ڕایی کردنی کاروباری کارگێڕی و کۆبوونەوەی دۆسیەی هاوڵاتینانە لە دامودەزگا حکومیەکاندا.
لە دۆخێکی لەمجۆرەدا ڕایی کردنی کاروباری هاوڵاتیان نەک هەر کاتێکی درێژخایەنی گەرەکە، بەڵکو پێویستی بە دامەزراندنی دەیان کارگوزارو فەرمانبەرە لە ئاستە جیاجیاکانی هەرەمی هەیکەلی ئیداریدا.
ئەمە جگە لەوەی کاتێکی زۆریشی پێویستە و کەڵەکەبوونی کەیس و دۆسیەکان دەبنە بارێکی گران بەسەر دامودەزگاکاندا، هەر لە سەرەتای دەست پێکردن و موراجەعەی هاوڵاتیەوە بگرە تا دەگات بە جێ بە جێ کردن و ڕایی کردن و ئەرشیف کردنی فایلەکان.
بە ئەلەکترۆنی کردن کەرتی گشتی لە دامودەزگا حکومیەکان هەم قورسایی ئەم ئەرکە لەسەر شانی فەرمانبەران سوک دەکات و هەمیش ئاسانکاریەکی بەرچاویش دەخاتە بەردەم هاوڵاتیان بۆ ئەوەی پرۆسەی ڕایی کردنەکە ئەشێ لە ماوەیەکی زەمەنی کورتدا کۆتایی پێ بهێنرێ.
هەروەک تێبینی کراوە کارکردن بە سیستەمی بە ئەلەکترۆنی کراوی پۆلیسی هاتوچۆ، کارئاسانیەکی بەرچاوی ئیداری خستۆتە بەردەم هاوڵاتیانەوە. بەجۆرێک لە لایەکەوە هەم ئەرکی فەرمانبەرانی پۆلیسی هاتوچۆی ئاسانتر کردووە و هەم جۆرێک لە دڵنیاییشی بە هاوڵاتیان بەخشیوە بەوەی دۆسیەکان نافەوتێن و لە ماوەیەکی زەمەنی کورتدا جێ بەجێ دەکرێن.
لە رێگەی ئەم پرۆسەیەوە بەمجۆرە هەم فەرمانبەرو هەم هاوڵاتی لەو فشارو دڵەراوکێ و دۆخی ناجێگری دەروونی پەیوەست بە رۆتینیاتی ئیداری ڕزگاریان دەبێ و هەوڵ و ماندوو بوونی هیچ کامیان نافەوتێ و جۆرێک لە دڵنیاییش دێتە ئاراوە.
وەڵام بدەوه