هەر حزب و بزاڤ و پارتێکی سیاسی هەڵگری زیاد لە یەک تایبەتمەندی جەوهەری رەگو ریشەدار بوو، ئەشێ هەمیشە براوەی گۆڕەپانی ململانێکان و خەباتی سیاسی بێت.
مێژوو سەلماندوویەتی ئەو پارتە سیاسیانەی رەگوریشەی خەبات و شوناسی سیاسیان لە بنکەیەکی جەماوەری بەهێزەوە سەرچاوەی گرتووە، لە کاری سیاسی و خەبات بۆ گۆڕانکاری و خۆشگوزەرانی و ئەنجامدانی ریفۆرم و دابین کردنی مافە گشتیەکان هەمیشە توانیویانە لانی کەمی ئەو دەسکەوتانە دابین بکەن، لە پێناویدا تێکۆشاون و درووشمیان لە پێناویاندا بەرز کردۆتەوە.
لە ئاستی جیهاندا حزبە ڕەسەنەکانی پانتای خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانی بەوە دەناسرێنەوە خاوەنی سەرکردایەتیەکی بەهێزو جەماوەرێکی هۆشیارو واقعبین و دڵسۆزن بە حزب و ئارمانج و چەمکە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانەوە.
چەمکی پراگماتیزم لای ئەم جۆرە لە پارتە سیاسیانە جۆرێکە لە پاڵپشتی سیاسی و هێزی مەعنەوی و یاسایی و سەرچاوەی لەو بیروبروا نەگۆڕو بەهێزەوە وەرگرتووە، سەرکردایەتیەکەی پێ دەبەخشێ.
بنکەی جەماوەری ئەم پارتانە تێکەڵەیەکە لە سەرجەم چینو توێژەکانی کۆمەڵگاوە. پێکهاتەیەکی هەمەجۆرو رەنگاڵەیە، گشت تاکێکی کۆمەڵی تیادا ئەدۆزیتەوە. لە کرێکارێکی سادەوە بیگرە تا مامۆستای زانکۆ و توێژەرو لێکۆڵەر و فەرمانبەرو کارمەندو روناکبیرانەوە لە دەور درووشم و ئامانجە ستراتیژیەکانی حزبەوە کۆ دەبنەوە.
زیاد لەمەش بکەرە سیاسیە باڵادەستەکانی ناو ئەم جۆرە بزووتنەوە سیاسیانە بە گشتی و کاراکتەرە دیارە کاربەدەستەکانی هەرەمی دەسەڵاتی نێو حزب، هیچ کات خۆیان بە کۆمەڵە درووشمێکی قەبەی ناواقعی و چەواشەکاری و خەیاڵی و دوورلە خوێندنەوەی حەقیقی بۆ رووداوەکان و پرۆسەی سیاسیەوە، هەڵناواسن.
هەر پارتێکی ڕەسەن و خاوەن سەرکردایەتیەکی بەهێزو پراگما ئەم تایبەتمەندیانەی سەرەوەی هەبوو، هەمیشە وەک بکەرێکی یەکلاکەرەوەو یاریزانێکی کارامەو خاوەن ئەزمون و هێزی مەعنەوی، ئەشێ کەشتی چارەنوسی گەل، لە دۆخی شڕوشەپڕێوو پڕلە ئاڵۆزی و شەپۆلەکانی ناو دەریاوە، بۆ کەنارێکی ئارام و تەژی دڵنیایی و ئاسوودەییەوە بگوازێتەوەو سازش لەسەر مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانەوە نەکات.
وەڵام بدەوه