شەڕی کورد لە بەغدا تەواوکەری شەڕی عەرەبە کە چەند ساڵە بەکورد دەیکات!
ئەو شەڕەی دەبوو لە بەغدا بیکەین لە کوردستان دەیکەین، ئەو شەڕەی دەبوو لە کوردستان بیکەین لە بەغدا دەیکەین! کورد لەجیاتی ئەوەی داوای ئەو شتانە لە بەغدا بکات کەچەند ساڵە لێی زەوتکراوە کەچی شەڕی ئەوە دەکات کە ئەو شتانەش تەسلیم بکات کە بەدەستیانە! ھەموو شتێکیان تێکەڵ و پێکەڵ کردووە، حیزبەکان ھەریەکیان لای خۆیانەوە شەڕ لەسەر ئەوە دەکەن کە کامیان زیاتر شەڕ بەھەست و سۆزی خەڵک بکەن، وازیان لە ھەموو مافە گشتیەکانیانی کورد ھێناوە، مێشکی خەڵکیان بەبابەتی لاوەکی ماندوکردووە، کە ئەوانە ھی ئەوە نین ھەموو وزەی کورد لەبەغدا تێدا سەرفبکرێن، دەبوو شەڕی ئەمڕۆی کورد بۆ بەشداریکردن لەبڕیاردان و ھاوبەشیکردن لە دەسەڵات بوو لەناوەندی بەغدادا، نەک بابەتی پاشکەوتی مووچە بکرێتە بابەتی سەرەکی، واز لە مافە سەرەکیەکانی خۆی بھێنێت کە چەند ساڵە بەغدا لێی زەوتکردوە!
پاشکەوتی مووچە مافە کەس خێر بەمووچەخۆران ناکات دەبێ پێیان بدرێتەوە بەڵام گەر کورد شەڕی ڕاستەقینە لە پەرلەمانی بەغدا بکردایە نەک موزایدە و شەڕکردن بە ھەست و سۆزی خەڵک ئەمڕۆ نەک دە لەسەدی پاشکەوتی مووچە بەڵکو ھەموو پاشکەوتی مووچەی فەرمانبەران دەدرا، دەبوو کورد ئەمڕۆ بە حاکمانی بەغدا بڵێت گەر بە ڕاست دەتانەوێت کورد عێراقی بێت دەبێ بە کردار بیکەن بەعێراقی، واز لە عەقلیەتی خۆسەپاندن بھێنن کار بە عەقلیەتی پێکەوە کارکردن بکەن، دەبوو پێیان بڵێت چما چەند ساڵە ئێوەمانان بوودجەی ھەرێم دەبڕن، گەر ڕاست دەكەن کورد عێراقی یە جیاوازی نیە لەگەڵ عەرەب دەبێ قەرەبوی ئەو چەند ساڵە بکەنەوە، چما لە بڕیاردان لە پرسی چارەنوس دا بەشداری بەکورد ناکەن، چما لە دەسەڵاتە سەرەکیەکانی وڵات کورد بەشدار نیە، چما جوتیاری کورد وەکو جوتیاری عەرەب مافی پێنادرێت، گەنمی دەبەن پارەشی پێنادەن، ھەر وەکو دەرۆزەکەر مامەڵەی لەگەڵ دەکەن!
عەرەب باش تێگەیشتووە کە بە فرۆکە و دەبابە ناتوانن شەڕی ئیرادەی کورد بکەن، ئێستا لەوپەڕی لاوازی خۆیان کە ھەموو جیھان شەڕ بەعەرەبی عێراق دەکەن کەچی عەرەب بەتایبەتی شیعەی عێراقی شەڕی فکر و دەرونی لەگەڵ کورد دەکەن، پاشکەوتی موچە ھەر بۆ ئەوەبو کەدەرونی کوردی پێوە مەشغوڵ بکات کورد بکاتە چەند بەرە بۆ ئەوەی نەتوانێت شەڕی مافە سەرەکیەکانی خۆی بکات.
کە عەرەب زیرەکانە مامەڵە دەکات عەقلی کوردی خوێندۆتەوە و دەزانێت چۆن سود لەو پەرتەوازەی کورد وەربگرێت! ھەموو شەڕی عەرەب بۆ ئەوەیە کورد ژێر دەستی بێت چونکە لەعەقلیەتی عەرەب دا وا چەسپێنراوە کە بەھای کورد زۆر کەمترە لە بەھای خۆیان دا. کوردیش لەلایەک بە پاشکەوتەوە گرتویەتی و لەلایەکی ترەوە کار بۆ ئامانجێکی لە مێژینەی عەرەب دەکات کە بەغدا بە جیا مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان بکات نەک وەکو ھەرێم، کە ئەمە ئامانجی خودی عێراقە گەر دەسەڵاتی ھەبوایە بەبێ پرس بەکورد ھەرێمی کوردستان نەک لاوازدەکرد و بەجیا مامەڵەی لەگەڵ پارێزگاکان دەکرد بەڵکو لەبنەڕەت دا عەرەب لە دژی ھەرێمێک بوو بۆ کورد و بەتەواوی ھەڵدەوەشاندەوە!
ھەموو لاپەڕەکانی مێژوو ھەڵبدەوە خەڵکی تر چەند زوڵمی لە کورد کردبێت بە قەت نیوەی ئەو زوڵمە نیە کە خودی کورد لە خۆی کردووە، ھەرجارەو کەشتیەکەی کورد بەرەو کەناری ئارام بڕوات نزیک ببێتەوە لە ئامانجەکانی ھەر خودی کورد کونێکی لەکەشتیەکە کردوە نقومی ئاو کردوە، ئەم جارە سوودانی و ماڵی شیعەی دەسەڵات نەرمی زۆریان نواندووە کە زۆری مافەکانی کورد بدرێت جا لەلاوازی خۆیان بێت یان ھەر شتێک بێت بەڵام گەر ئەم جارە شتەکان وەکو کورد نەبێت خەتای عەرەب نیە بەڵکو خەتای خودی کوردە. یەکبگرن مافەکانی کورد لەبەغدا وەربگرن دواتر شەڕی پاشکەوتی موچە و ئەوانە لە ھەرێم و پەرلەمانی ھەرێم بکەن، گەر مافەکانی کورد درا پاشکەوتی مووچە بەتەواوی و زۆر شتی تر خۆی دەدرێت بەبێ ئەوەی موزایدەی پێوە بکرێت.
#HogirNerwayi
وەڵام بدەوه