Kurdistan Press - محمدى حاجى محمود : بەغدا ھەوڵی ووشککردنی سەرچاوەی داھاتی هەرێمى کوردستان دەدات محمدى حاجى محمود : بەغدا ھەوڵی ووشککردنی سەرچاوەی داھاتی هەرێمى کوردستان دەدات | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

محمدى حاجى محمود : بەغدا ھەوڵی ووشککردنی سەرچاوەی داھاتی هەرێمى کوردستان دەدات

کۆمسیۆنی باڵای پێنج حزبەکە بۆ ھەڵبژاردنەکانی کوردستان و ململانێ نێوخۆییەکان
ماوەیەکە ململانێکان لە حکومەت و پەرلەمان پێیانناوەتە قۆناغێکی نوێوە، بەشێوەیەک ئەوانەی لە حکومەت و پێکھێنەری ئەساسی په رلەمانن لەبیریان چووە کە نوێنەری خەڵکی کوردستانن بە گشتی، بەڵکو زیاتر خۆیان وەک نوێنەری حزبەکانیان ئەژمار دەکەن. لەکاتێکدا زۆرینەیان ھاوڕابوون لە دەنگدان بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان بۆ ماوەی ساڵێک بە تایبەت ھەردوو فراکسیۆنی سەوز و زەرد. ئەم درێژکردنەوەیە ھەنگاوێکی باش نەبوو، بە پێچەوانەوە دەتوانرا ھەڵبژاردن لەوادەی یاسایی خۆیدا سازبکرێت. لەگەڵ ئەمەشدا، دوای ماوەیەک، نوێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئەنجومەنی وەزیران بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنەکەیان نەکرد و کشانەوە، سەرەڕای ھەوڵەکانمان بۆ چارەساری کێشەکان بەڵام ململانێکان توندتربوون تا ڕۆژی کردنەوەی یادگەی بارزانی. لەو بۆنەیەدا، بەڕێز کاک مەسعود بارزانی پەیامێکی ڕاگەیاند بۆ ئاشتی و چارەسەری کێشەکان، ھەموولایەک پێشوازییان لە پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد و بە ھەنگاوێکی کرداری و کاریگەر وێنایانکرد لە ککوردستان و عێراق و ناوچەکە.
پاش خاوبوونەوەی بەشێک لە گرژییەکان، بۆ جارێکی تر لە ڕۆژی ٢٠٢٣/٥/٢٢ ململانێ و شەڕ و پێکدادان لەنێو پەرلەمانی کوردستان لەنێوان ھەردوو فراکسیۆن لەسەر کاراکردنەوە و ھەمواری یاسای کۆمسیۆنی باڵای پێنج حزبەکە بۆ ھەڵبژاردنەکانی کوردستان ڕوویدا.
ھاوکات لەگەڵ ئەمانەدا، بەرپرسیارێتی سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق درا بە کورد و لەنێو کوردیشدا بۆ یەکێتی نیشتیمانی یەکلایی کرایەوە. چاوەڕواندەکرا دادگای بەناو فیدراڵی عێراق ڕۆژی ٥/٢٤ بڕیارێک بدات لەبارەی یاسایی بوونی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان یان بە پێچەوانەوە، بۆیە پێش دانیشتن و دەرچوونی ھەر بڕیارێک لەلایەن دادگای عەرەبی بەغداوە، پارتی دیموکراتی کوردستان و فراکسیۆنەکان، کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی پێنج  حزبەکەی  کوردستانیان کاراکردەوە بۆ ئەوەی بۆشایی دەستوری دروست نەبێت و پێویست نەکات لە ھیچ دۆخ و ئەگەرێکدا کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی ھەڵبژاردنەکانی کوردستان بکات.
ڕۆژی ٥/٢٢ بۆ جاری ھەشتەم کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ‌پێنج حزبەکەی کوردستان کاراکرایەوە، کۆمسیۆنەکە پێکھاتووە لە ئەندامانی پێنج لایەنی سیاسی لە ھەرێم. من کارم بەوەنییە بوونی کۆمسیۆنەکە تا چ ئاستێک پێویستە، ئەوەی جێگای تێڕامانە پەرلەمان ئیشی چیبووە لە چوار ساڵی ڕابردوودا و ئێستاش کە ساڵێکی تر تەمەنی خولەکەی خۆیان درێژکردوەتەوە نەتوانێت بە پێنج ساڵ ڕۆژێک دیاری بکات بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
پێمانوایە، مافی سەرجەم قەوارەسیاسییەکانە کە بەشداری ھەڵبژاردنەکان دەکەن نوێنەریان ھەبێت لەو کۆمسیۆنەدا، لە پێناوی دروستبونی ھاوسەنگی سیاسی و متمانە  لایەنەکاندا لەو چوارچێوەیەدا چەندین جار پێمانڕاگەیاندوون. بۆیە ئەو کۆمسیۆنە نە شەرعییەتیان ماوە و نەیاساییشە چەندین جار کارا بکرێتەوە و جێگای باوەڕی لایەنەکان نییە.
ھەڵبژاردن لە کوردستان جیاوازە بە بەراورد بە ووڵاتانی ناوچەکە، ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا و ئەمریکا، لە ھەمو دونیا ھەڵبژاردن بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات و گۆڕانکاری ڕیشەییە لەسەرجەم جومگە و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، لە کوردستان ھەڵبژاردن تەنھا ئارایشتە تا بە دونیای دەرەوە بوترێت کە ئەو پرۆسە دیموکراسیەمان ئەنجامداوە، لە واقعدا ھیچ حزبێک متمانەی نییە دەسەڵات ڕادەستی حزبی ڕکابەری بکات نەک بۆ چوارساڵ بگرە بۆ چوار ڕۆژیش. لە٣٢ ساڵی ڕابردوودا بە ئێستاشەوە سندوق و ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان گرنگی نەبووە لە نەخش و ڕەنگڕێژکردنی حکومڕانیدا، وەک ھەمو جارێک دەسەڵات ٥٠ بە ٥٠ یان بە کەمێک کەم و زیادەوە لە ( سەرۆکایەتی ھەرێم، سەرۆکایەتی حکومەت، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکی قەزا ... ھتد بە جێگرەکانیانەوە) لەنێوان دوو حزبدا دابەشدەکرێت، کە ئەوەش ھیچ مانایەک بۆ ئەنجامەکانی پرۆسەی ھەڵبژاردن ناھێڵێتەوە، بۆیە لە پرسی سەرۆکی ھەرێمدا ڕامانوابوو کە راستەوخۆ لەنێو  ھاونیشتیمانییانەوە ھەڵبژێردرێت نەک پەرلەمان!
ئێمە لە کاتێکدا ئەم گیروگرفتە نێوخۆییانەمان ھەیە، لە ھەمانکاتدا ماوەی دوو مانگە ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ڕاگیراوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، نە بودجە و نە موچەی خەڵکی کوردستانیان ناردووە، بەڵکو ھەوڵی ووشککردنی سەرچاوەی داھاتی ئەم ھەرێمە دەدەنو سیاسەتی عێراق ڕوون نییە و بەھەزار حیلەشەرعی و ناقانونی بەناوی قەرزەوە وەک خێر بڕە پارەیەک بۆ ھەرێمی کوردستان دەنێرن، ئاشکرایە قەرزیشوەردەگیرێتەوە، کە ئەوەش ھەنگاوێکی ترسناکە و عێراق، ھەرێم بە بەشێک لەووڵاتەکەی نازانێت، لێرەوە بە ھەموو لایەنەکان ڕادەگەیەنم بڕیار و چارەنووسی ھەرێم و خەڵکەکەی و قەوارەی سیاسی و ئابوری و دارایی نەخرێتە بەردەستی بەغدا و کورد مافی بەرگریلەخۆکردنی ھەیە و دەبێت سوربین لەسەر داوا ڕەواکانی خۆمان و بەرگری لە خاک و سەربەخۆیی و خەڵکەکەمان بکەین.
ھەرێمی کوردستان بە ووردی لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی زلھێز و ناوچەییەکانەوە چاودێری و ھەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی دەکرێت، من پێموایە ھەموو ئەمانە بەرپرسیارێتی مێژوویی دەخاتە ئەستۆی کاربەدەستان و لایەنە سیاسییەکانی ئەم ھەرێمە کەچی زووە ھەوڵ بۆ کۆتاییھێنان بە ناکۆکییە لاوەکییەکان بدرێت و زەمینەسازی بکرێت بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە نزیکترین کاتدا و کارکردنە بە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، ھەر ئەوەش زامنی پاراستنی قەوارەی ھەرێم و چەسپاندنی مافەکانی گەلەکەمانە لە بەرامبەر ناحەزاندا.
محەمەد حاجی مەحمود
۲٠۲۳/٥/۲٥
گوڵەخانە

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه