Kurdistan Press - کۆمارو سەرۆکێکی کورد کۆمارو سەرۆکێکی کورد | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

کۆمارو سەرۆکێکی کورد

لەوەتەی رژێمی داپڵۆسێنەری بەغدا خراوەتە زبڵدانی مێژوو و ئاسەواری سراوەتەوە،  پۆستی سەرۆک کۆمار و نەخاسمە سەرۆکێکی بە ڕەچەڵەک کورد ناوەندەسیاسیە عێراقی و کوردستانیەکانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

کورد کە سەرەتا پێی وابوو  وەرگرتنی ئەم پۆستە دەلاقەیەکی سیاسی و یاسایی و دیپلۆماسی گەورە و کاریگەرە بەرەو دەست خستنی ئارمانجێکی مەزن کە ئەویش خۆی لە چارەسەرکردنی پرسگرێکی جێ بە جێ کردنی داواکاریە یاساییەکانی کورددا دەبینێتەوە، لە چوارچێوەی عێراقێکی فدراڵدا. 

دواتر جێ بە جێ کردنی مادە یاساییەکانی 58 و دواتر 140 ی پەیوەست بە ناوچە بە عەرەب کراوەکانی خاکی کوردان، پرسی شەراکەتی راستەقینە و بودجەو شایستە داراییەکانی هەرێم، ویڕای هەوڵ و تەقەلا دیپلۆماسیەکانی کورد هەر بە چارەسەر نەکراویی و نیوەچڵی مانەوە. 
بەداخەوە سەرۆک کۆمارە یەک لەدوا یەکەکانی بە ڕەچەڵەک کورد لە بەغدا بە درێژایی هەژدە ساڵی رابردوو نەیانتوانی ببن بەو هێزە پاڵپشتیکارو هاندەرەی جێ بە جێ کردنی مادە یاساییەکانی تایبەت بە ماف و داوا رەواو یاساییەکانی هەرێم بخەنە واری جێ بەجێ کردنەوە و مسۆگەریان بکەن. 

پۆستی سەرۆک کۆمار وەک مافێکی یاسایی و ئایکۆن و هێمای  شەراکەتی راستەقینە چەسپێندرا، لێ ئێستاشی لەگەڵدابێ جگە لە واجیهەیەکی تەشریفاتی و بێ ناوەرۆک و رووکەشانە بترازێ  نەبوو بەو سەنگ و قورسایی و پاڵپشتیە یاسایی و سیاسیەی هەرێمی کوردستان ئاواتی بۆ دەخواست. 

بەداخەوە سەرۆک کۆمارە کوردەکان لە بەغدا بۆ کورد نەبوون بەو هێزە مەعنەوی و سیاسیەی ئەیانتوانی دینامیکیەت بە چەسپاندنی مافە رەواو بەرحەقەکانی کورد بدەن لە بەغدا و پرسگرێکەکانی پەیوەست بە  مادەی 140 و بودجە و شایستەداراییەکانی کورد لە ناوەند بخەنە سەر رێڕەوو پرۆسەی چارەسەری یەکجارەکیەوە و هەربە چارەسەرنەکراوی مانەوە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه