دۆزی کورد پرسێکی جیا و دەرەوەی مێژوو نیە. لەوەتەی مێژووی مرۆڤایەتی نووسراوەتەوە، لە قەیران بەدەر نەبووە.
مێژووی قەیراناوی رۆژهەڵاتی ناوینیش بە گشت دەرهاوێشتە ئەرێنی و نەرێنیەکانیەوە هیچ کات نەخراوەتە خزمەت زیاتر رەوایەتی بەخشین بە کورد و مافە بەرحەقەکانیەوە.
هەر لە سایەی ئەم مێژووە قەیراناویەدا داگیرکاران کوردستان بە وێناکردنی کۆی سیستەمی حوکمرانیان وەک یەکەیەکی بەرحەق و رەوایەتی بەخشین بە سیاسەتی داپڵۆسین و داگیرکاریانەوە، خۆشیان وەک چەند بکەرێکی عەقڵگەراو خاوەن سیادەی بەرەی عەقڵانیەت وێنا کردووە.
بە درێژایی مێژووی ئەزمون کراویشەوە لە پاڵ ئەم وێناکردنەشیاندا کورد و دۆزەرەواکەیان لە چەشنی چەند بزووتنەوەیەکی دژە عەقڵ و تێکدەرو ئاژاوەچی و دواکەوتوو و ناشارستانی لە قەڵەم داوە.
لەم وێناکردنەشیاندا وەک ململانێیەکی رادیکاڵی نەژادیی نێوان دوو بەرەی عەقڵانیەت و دژە عەقڵانیەت، هەمیشە هەوڵیانداوە گەورەترین دەسکەوت بچننەوەو بەرچاوترین بۆشایی لە پانتای کێشمەکێشی نێوان ئەم بەرەیەدا داگیر بکەن.
تێگەیشتنی داگیرکەرانی خاکی کوردان دهەمبەر پرسی رەوای کورد وەک پرسێکی نەژادی سەرچاوەی لەو هزرو تێگەیشتن و دونیابینیە بەرتەسکەیانەوە گرتووە، هیچ کات مەودای ئازادی لەبەردەم کورددا واڵا نەکەن و بۆ هەتاهەتایە ئەم پرسە وەک ئاڵنگاری و کێشەیەکی لۆکاڵی و ناوەخۆ بهێڵنەوە.
ئامانجیشیان لەم شێوازە لە گرتنەبەرەی سیاسەت وەبەرهێنانێکی بەرتەسکی سیاسی بووە بۆ دەست خستنی ئامانجێکی گەورەتری نەژادی و خستنە خزمەتی ناسیۆنالیزمی رادیکاڵی باڵادەست و درێژەدان بە پێشێلکاری و داگیرکاری و نکۆڵیکاریەوە.
وەڵام بدەوه