لاپەرەکانی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی کورد سەدان چیرۆک و بەسەرهات و نشوست وشکست و هەڵسانەوەی لە خۆ گرتووە.
رووداوەکانی نێو ئەم مێژووە پڕیەتی لە حیکایەتی گێڕانەوەی قارەمانێتی هێزە بەرهەڵستکارەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە سەردەم و قۆناغە جیاجیاکانی ئەم مێژووەدا.
ناوی بارزانی درەوشاوەترین ناوی رووداوەکانی هەناوی ناو ئەم مێژووەیە.
بارزانی نەک تەنیا سەرکردەو سەرۆکی پارتێکی دیاریکراو و بزاڤێکی رزگاریخوازی کورد بوو لە قۆباغێکی تایبەتیدا، بەڵکو بارزانی شوناسی کوردبوون و هێمای دۆزی رەواو بەرحەقی نەتەوەیەکی ژێردەستەکراوی دەستی ستەمی داگیرکاری و چەوساندنەوەی کورد بوو.
بارزانی ئایکۆنی پێکەوەیی و چەتری یەکریزی کوردو هێمای بەرخودان و بەرەنگار بوونەوەو خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی و پاراستنی نیشتیمانی بوو.
بارزانی کاراکتەرێکی مێژووکرد و وێنای مەزلومیەتی کورد و هێمای پێکەوەیی و خەباتی دەستەجەمعی و ستراتیژیست و فەرماندەی سەربازی و سەرکردەی سیاسی و دیپلۆماسی و لوتکەی جوامێری و خۆبەدەستەوەنەدان بوو.
ئەو هەلومەرجە تایبەتیەی خەباتی بارزانی بڵێسەی تیادا سەند، هەلومەرجێکی سەختی نێودەوڵەتی و سەرەتای دابەشبوون و دواتر چەقبەستوویی سیاسەتی نێودەوڵەتی و جەمسەربەندیەکان و سەرەتای شەڕی ساردی نێوان بلۆکی سۆشیالیستی و سەرمایەداری بوو.
بارزانی توانی لەو هەلومەرجە تایبەتی و دابەشکاریەی ئەوسا باڵی بەسەر دونیای سیاسەتدا کێشابوو، سەرکردایەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد بگرێتە دەست و لە ماوەیەکی زەمەنی کورتدا جۆرێک لە تەبایی و یەکریزی بخاتە نێو ریزەکانی بزووتنەوەکەو لە دابەشکاری و پەرتەوازەیی دووری خاتەوە.
رۆڵی بارزانی لە سەرکردایەتی کردنی تێکۆشانی کوردو رووبەرووبوونەوەی دەسەڵاتدارە شمولی و نەژادیەکانی بەغدا، هێمای حەکیمانە بوونی سەرکردەیەکی بە ئەزمون و خاکەڕا و قاڵ بووەوەی ساردی و گەرمی رۆژگارە تاڵەکان بوو.
ناوی کورد بە ناوی بارزانیەوە لکێندراوبوو و ئەم دوو ناوە وەک دووانەیەکی لێک دانەبڕاو، ئاوێتەی یەکیر ببوون بە بێ ناوی بارزانی، ناوی کورد نەدەهات.
بارزانی سەرکردەو پێشمەرگەیەکی واقعگەراو پراگما و خاوەن دونیابینی و روانگەیەکی جیهانی و دووربین بوو. لەهەمان کاتیشدا ناوێکی دیاری خەبات و سیاسەت و بەرخودان و کۆڵنەدان بوو.
بارزانی نەمر بە تەنیا پانتای کوردایەتی و رووبەرێکی بەرفراوانی کۆکردنەوەی گشت ئاراستەو تەوژمێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیا بوو.
کەسایەتی بارزانی هەڵگری دەیان خەسڵەت و تایبەتمەندی بەهێز و فرە رەهەند بوو. ئەم زاتە چ لەرووی کۆمەڵایەتی و چ لە رووی سیاسی و سەربازیەوە ناوێکی دیار بوو لە دونیای سیاسەت و ئاڵۆزی و ململانێ سیاسیەکاندا.
کورد لە دەرەوەی کوردستان بە ناوی بارزانی نەمرەوە دەناسرایەوەو وڵاتان وەک سەرکردەیەکی مێژوویی و خاوەن کاریزماو هێزوتوانای مەعنەوی و ژیری لە سیاسەت لێیان دەروانی و ڕێزیان دەگرت.
بارزانی نەمر کێوێکی بەرز و هەورازێکی سەخت و هێزێکی بە تەوژمی لە بن نەهاتووی بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی داگیرکاری و نکۆڵیکاری و رەتکردنەوەی زولم و ستەمی نەتەوەی سەردەست و دژی بە کۆیلەکردن و قەڵاچۆکردنی نەتەوەی کورد بوو.
وەڵام بدەوه