دادگای عێراق وێلە بەدوای ئەجێندای عێراقی دا!
کاتی خۆی سەدام کەنداوی عەرەبی بەرێکەوتنێک ھەراجکرا بۆ شاھی ئێران، کە بە فەرمی ئێران کردە شەریکی خاکی عێراق، ئێستاش شیعەی عێراقی ئێران کردوە حاکمی دادگای فیدڕالی عێراقی! کە لەو دادگەیەدا ھەموو بڕیارەکانی ئێرانی و بێگانەن کە تەنھا بەزمانی عروبەی عێراقی بڵاودەکرێنەوە!
عێراق بەدرێژایی سەد ساڵی تەمەنی تا ئێستا تەنھا لەسەر کاغەز وڵات بوە، گەر نا ھیچ پرەنسیپ و ڕێسایەکی بەوڵاتبون لە عێراق نەبووە و نابێت، عێراق نەک ھەر وڵات نەبووە بەڵکو بەشاریش نەچووە تەنھا گوندێکی وێران و سەرگەردانە، کەس بە کەس نیە، خاوەنی چەمکی فیدڕاڵیە کەچی شۆڤێنی ترین وڵاتە زۆرینە حوکم دەکات و کەمینە قوت دەدات، خاوەنی دادگایەکی باڵای بەناو فیدڕالییە، کەچی ئەوەی بێ لایەنە ھیچ دەنگی ناکات لەو دادگایەدا بەرژەوەندی گەلانی عێراقە ئەوەی سەرەوەرە لەم دادگایەدا ھەر دەنگە دەنگیەتی بەرژەوەندی بێگانەیە. ئەوەی وێلن لەیاسادا دادوەرانی ئەم دادگایەن. ئەوەی داداوەرە لەم دادگایەدا وڵاتی بێگانەیە کەبەتەواوی وێلە بەدوای بڕیارێکی عێراقی دا!
عێراق خاوەنی سوپایەکی گەورەیە کە نیوەی داھاتی وڵاتی بۆ سەرف دەکرێت، کەچی سوپاکەی بوە بەبارمەتە بەدەستی گروپە میلیشیاکان، خاوەنی حکومەتێکی گەورەی پڕ وەزیر و سەرۆکە، کەچی حکومەتەکەی تەنھا ناوە ھیچ دەسەڵاتی نیە،
سەرۆک کۆماری ھەیە، کەچی سەرۆک کۆمار بڕیارەکانی تا سەقفی کۆشکەکەی ناڕوات، سەرۆک پەرلەمانی ھەیە، کەچی سەرۆک پەرلەمان نازانێت کەی کۆبونەوەی پەرلەمان دەکرێت، سەرۆک وەزیرانی ھەیە، کەچی سەرۆک وەزیران دەسەڵاتی فەرمانبەرێکی ئاسایی نیە! سەرۆک حیزبە میلیشیایەکانی وڵاتانی ئیقلیمی بڕیار بەدەستن.
عێراق، ئەو وڵاتەی یەک مەتری خاکەکەی نابینی نەوتی لەژێرەوە نەبێت، ڕۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل ھەناردە دەکات، کەچی ھەندێک لە شارەکانی ڕێژەی ھەژاری 50% تێپەڕیوە و ڕێژەی ژێر ھێڵی ھەژاری لە لوتکەیە، تاکە وڵاتە ھەرچەند پارە و خێرو بێری زیاتر بێت شارەکانی وێرانتر دەبن بێبەش دەبن لەھەمو خزمەتگوزاریەک، ئەو وڵاتەی خاوەنی باشترین دەستورە بەڵام کاری پێ ناکات نایەوێت ببێت بەخۆی و وڵاتی یاسا سەروەر و خاوەن دەستور بەڵکو ھەر دەیەوێت ئەم وئەوی تر بێت، عێراق ئەو وڵاتەی چاوەڕوان دەکرا ببێتە بوکی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، کەچی بوو بەخراپترین و وێرانترین وڵات لەھەموو ناوچەکە، ئەو وڵاتەیە کەبەشادەماری ئابوری ناوچەکە ناسراوە چاوەروان دەکرا قەرز بە وڵاتانی ناوچەکە بدات، کەچی لەماوەی چەند ساڵێکی کەم زیاتر لەسەدو پەنجا ملیار دۆلار قەرزار بوو، لەناو قەرز و گەندەڵی دا غەرق بووە،
عێراق، نە سەروەری ھەیە ھەرجارەو لای وڵاتێک و گروپەکانی میلیشیا سەروەری پێشێل دەکات، نەئاسایشی ھەیە، نەئارامی ماوە ھیچ شتێکی نیە، تەنھا لە حیزب دا بێ ڕکابەرە سەدان حیزبی ھەیە بەڵام ھیچیان بەکردار عێراقی نین ھەریەکیان ئەم و ئەوی ترن ئەجێندای وڵاتانی تر جێبەجێ دەکەن لەسەر حسابی خێروبێری عێراق، وڵات گەر قسەی بکردایە حاشابونی خۆی لەعێراق دەکرد. عێراقیەکان لەوەتەی ھەن بێ ئومێدن لە عێراق بەڵام ھێشتا عێراقچیەکان بە ئومێد و تامەزۆرن کە ناوڵاتی وێرانی عێراق ھەرێمی کوردستان دادگایی بکات و ھەڵبوەشێنێتەوە، کە ئەم خەونە وەکو ھەموو خەونەکانی تری ئاغا و سوڵتان و ڕەھبەرەکانی خۆیان دەبەنە گۆڕی خۆیان.
#HogirNerwayi
وەڵام بدەوه