ژینگەپارێزی و پاکوخاوێن راگرتنی ژینگە رەگێکی لە کولتورو رۆشنبیری تاکەوەیە و لە ناخی جوانیەکانی کۆمەڵگاوە سەرچاوەی گرتووە.
ژینگەپارێزی و پاکوخاوێنی زانست و مەعریفە نیە بخوێندرێ یا دیراسەی دکتۆراو توێژینەوەی ئەکادێمی بۆ بکرێ.
لە کاتێکا تاک بە تاکی کۆمەڵگا قسەی سەری زمان و بنی زمانیان ژینگەپارێزیە، کەچی هەر لەگەڵ یەکەم دەرکەوتنی ئەم تاکانەی کۆمەڵگا لە دەشت و دەروو شوێنە گەشتیارەکانی دەرەوەی شارەکاندا، ئاکاری قێزەوەنی نەپاراستنی ژینگەیی و پیسوپۆخەل کردنی سەوزاییەکان دەردەکەون.
بە جێ هێشتنی پاشماوەی خواردن و خواردنەوەو تەخشان و پەخشان کردنی زبڵ و خۆڵ و خاشاک لە شوێنە گەشتیاریەکان لەلایەن گەشتیارانەوە ئێستاکە لە حاڵەت دەرچووەو بووەتە دیاردەیەکی زۆر زەق و ناشرینەوە.
هەفتانە دیمەنەکانی کۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاک و پاشماوەی خواردن و خواردنەوەی گەشتیاران لە شوێنە گەشتیاریەکان بە چاوی خۆمان دەبینین و خەفەتی بۆ دەخۆین.
جێگەی سەرسووڕمان و تێفکرینە بەشێک لە دانیشتوانی نیشتیمانێک لەوپەڕی نابەرپرسیارەتی و هەست نەکردن بە ژینگەپارێزی و خۆشویستنی وڵات، تێکدان و کاولکاری و پیس کردنی ژینگەو شوێنە سرووشتیە گەشتیاریەکان بە ئەرکی خۆیان بزانن و چاک کردن و نۆژەن کردنەوەو پاک کردنەوەشی بە ئەرکی خەڵکانی تر و حکومەت!
وەڵام بدەوه