ئاشتی جیهانی لەبەردەم هەڕەشەدا
پەیوەست بە دۆخی رۆژئاواو هۆکارو دەرەنجام و لێکەوتەکانی رووداوە کتوپڕو خێراکانی شانۆی سیاسی چ لە ئاستی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین و سیاسەتی جیهانی، خوێندنەوەیەکی وردو شرۆڤەو ڕاڤەکاریەکی تێروتەسەلی پێویستە.
بەڵام لە خوێندنەوەیەکی سەرپێی و چاوپێداخشاندنێکی خێرادا، ئەشێت چەندین هۆکارو تا ڕادەیەکیش دەرەنجامی تێکچوونی سیستەمی نوێی جیهانی لێ هەڵێنجین.
هێرشی رووسیەبۆ سەر دوورگەی کرێم و لکاندنی بە خاکی رووسیاوە، سەرەتای دەرکەوتنی ئاماژەکانی هەڵوەشانەوەی نەزمی نوێی جیهانی بوون.
پەیوەست بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەرکەوتنی داعش و پەرەسەندنی تووندووتیژیەکانی سوریەو پەلهاوێشتنی ئەو رێکخراوە ترسناکە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و دواتر رووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر، درێژکراوەو سەرەتای ئەو سیستەمە جیهانیە بوون، حاڵی حازر واخەریکە بۆ هەموو شوێنێک پەل دەهاوێت و کاریگەری بەسەر گشت رووداوو هاوکێشە سیاسیەکانەوە هەیە.
لە جەنگی ئۆکرایندا دەرهاوێشتە و ئاماژەکانی سیستەمی نوێی جیهانی زۆر بە زەقی دیارکەوتن. جەنگێک واخەریکە پێ دەنێتە چوارەم ساڵیەوەو هێشتا هیچ ئاماژەیەکی هیوابەخش بۆ بە کۆتا هاتنی دیار نیە و ژمارەی قوربانیەکانیش رۆژلەدوای رۆژ لە زیادبووندان.
لادان و فڕاندنی سەرۆکی ڤەنزوێلا، داواکاری کڕین یا داگیرکردنی گرینلەند لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاو جەنگی ماڵوێرانکاری غەزەو بەم دواییەش هێرشی سوپای سوریە بۆ دەرکردنی هێزە کوردیەکان لەو ناوچانەی بە خوێنی هەزاران شەڕڤان ئازاد کرابوون، نیشانەگەلێکن بۆ سەلماندنی هەڵوەشانەوەو پووچەڵ کردنەوەی سەرجەم رێککەوتن و پەیمان نامە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە پاراستنی مافی مرۆڤ و ئاشتیەوە.
زیاد لەمەش بەڵگەیەکی دیارن بۆ پێشێل کردن و وەلانانی هەموو پەیماننامەکانی تایبەت بە مافی گەلان و مافی مرۆڤ و ئازادیەکان و دروست کردنی چوارچێوەیەکی نوێ بۆ شێوازی مامەڵەی زلهێزەکان لە رووبەری شانۆی سیاسی جیهانیدا.
لە دۆخێکی لەمجۆرەدا ئەوەی خراوەتە ژێر هەڕەشەی لە ناوچوونەوە، مافی گەلان و ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و هەڵوەشانەوەی سەرجەم ئەو پاکێجانەیە، دوای دووەم جەنگی جیهانیەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و ئازادی و بەهامرۆییەکانەوە گەڵاڵەکران، تاکو لە چەشنی قەڵغانێکی پۆڵایین جیهان لە هەڕەشەی جەنگێکی سەرتاسەری ماڵوێرانکاری تر بپارێزن.
مەترسی لێکەوتەکانی سیستەمی نوێی جیهانی ئەگەر بۆ جیهان یەکجار شوێن نیگەرانی و مەترسی بێت، بۆ کوردو دۆزە رەواکەی دووهێندە جێگەی نیگەرانی و مەترسیە.


وەڵام بدەوه