جموجۆڵ و دیدارو چاوپێکەوتنە دووقۆڵی و چەند قۆڵیەکانی سیاسیەکانی عێراق و زیاتر لێک نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی، هیوایەکی گەورەی خستۆتە ئاسۆی ئاسایی بوونەوەی دۆخی سیاسی لە سەرانسەری عيراق و پێک هێنانی حکومەتێکی بنکەفراوانی نیشتیمانیەوە.
وانزیکەی ساڵێکە هیچ کام لە هەوڵ و دیدارو سەردانیکردن و چاوپێکەوتنەکانی سیاسەتمەدارانی عێراقی نەیتوانیوە گۆمی مەندی پێک نەهێنانی حکومەت لە بەغدا بشڵەقێنێ و ئاسۆیەکی روناک بخاتەوە بەردەم گەلانی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتیەوە.
گەلانی عێراق دەمێکە چاوەروانی پێکهێنانی حکومتێکی بنکەفرەوانی نیشتیمانین.
بینەوبەردەکانی پانتای گۆڕەپانی سیاسی لە یازدە مانگی رابردوودا کۆمەڵێک رووداوی ناخۆشی سەر شەقامی بەخۆوە بینی. ئەم رووداوانە تەنانەت هێمای تەقینەوەی دۆخەکەیان لێدەخوێندرایەوەو خەریک بوو بەتەواوەتی لەدەست دەربچێ.
بەڵام ئەم رووداوانە نەیانتوانی گۆڕانکاریەکی ئەوتۆ لە رووبەری سیاسی بێننەکایەوەو دۆخەکە بەلایەکدا بکەن و ئاسۆیەکی نوێ لەبەردەم دوارۆژی گەلانی عێراقدا بکەنەوە.
نزیک بوونەوەی پارتی و یەکێتی و گەڵاڵەکردنی جۆرێک لە تەبایی و یەکڕیزی و هاوڕابوون پەیوەست بە دۆخی سیاسی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، خوێندنەوەی هاتنەکایەی بارودۆخێکی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و ئابوری لێ بەدی دەکرێ و خوێندنەوەکان بە ئاڕاستەی ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە و متمانە بەخشینی زیاترن بە داهاتووی ئاستی پەیوەندیە دووقۆڵیەکانەوە.
وەڵام بدەوه