دوای زیاتر لە چڵ ساڵ لە حوکمرا نی زەبروزەنگ و تاک حزبی و تاکرەوی مەزهەبی و نادیدەگرتنی سادەترین مافەکانی گەلانی ئێران بە کوردوتورک و بەلوچ و عەرەب و گرووپە مەزهەبیەکانی ترەوە، شەقامی ئێران خرۆشاوەو گەلانی ئێران بە سەرجەم چین و توێژەکانیەوە و بوێرانە رووبەرووی سەرتاپای سیستەمی حوکمرانی بوونەتەوە.
ئەو نەوەیەی ئێستاکە خرۆشاوەو رووبەرووی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆتەوە، نەوەی لە دایک بووی ناو هەناوی شۆڕشی ئیسلامی و چەقی کۆمەڵگای ئێرانیە.
ئەم نەوەیە لە هەناوی کۆمەڵگەی پڕ لە پروپاگندەی سیستەمی مەزهەبگەرای تاکحزبی حوکومرانی ئێران لە دایک بووەو لە سەردەمێکدا دەژی چیتر چەمک و مەفاهیمی شۆڕش بەلایەوە گرینگ و بایەخدار و پیرۆز نین. ئەم نەوەیە بەرهەمی شۆڕش و شەپۆلی گەشەسەندووی تێکنۆلۆژیاو جیهانگەرایی و بپەروەردەکراوی شۆڕشی زانیاری و ریفۆرمە عەقڵیەکانە.
لای ئەم نەوەیە سەرلەبەری جیهان لە گوندێکی بچوک دەچێ و مەفاهیمی کلاسیکی و کۆنەپارێزی لای ئەم نەوەیە کرچ و کاڵ بوونەتەوەو چیتر وەک دەسکەوت و شکۆی نەتەوەیی باڵادەستی حوکمرانانی ئێران هێمایان بۆ ناکرێ.
گەلانی ئێران دوای زیاتر لە چوار دەیە لە حکومەتی بە رووکەش ئیسلامی و بە ناوەرۆک رەگەزپەرەستی نەژادی و مەزهەبگەرایی شیعە، ئێستاکە تینوی ئازادی و خوازیاری گۆڕینی سیستەمی حوکمرانی مەزهەبگەرایی و دامەزراندنی نیشتیمانێکی ئازاو ئازاد و شکۆمەندن.
گەلانی ئێران هەمیشە بۆ بەدەست خستنی ئارمانجە ئازادیخوازیەکانیان بەدوای بچووکترین دەرفەتدا دەگەڕێن ڕقی پەنگخواردووی خۆیان بە دەسەڵاتدارانی تاران و قومدا بڕێژن و دونیایەکی جوانتر و هەمەڕەنگتر و سەقامگیرتر و پڕلە متمانەو دڵنیایی بونیاد بنێن و کۆت و بەندی دیلی تۆڕهەڵدەن.
وەڵام بدەوه