ئەمرۆ من تۆ نەکوژم سبەینێ تۆ من دەکوژی!
ئێراق، ئەو وڵاتەی بە ناشەرعی لە کەش و ھەوایەکی ناسرووشتی لەدایک بووە. ئەوانەی ئێراقیان ھێنایە ھەبوونەوە ئێراقی نەبوون، بۆ بەرژەوەندی ئێراقییەکان دەوڵەتیان دروستنەکرد، بەڵکو لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان ئێراقیان دروستکرد.
لە سەرەتای دروستبوونی ئێراقەوە لەناو کوشتار و خوێنا بوو، لەیەکەم چاو هەڵهێنانی ھەر تاکێکی ئێراق کە دێتە بوونەوە لەناو خوێن و ڕکابەری تووند و شەڕی تایفی و دەسەڵات دێتە ھەبوونەوە، ھەتا گەورەش دەبن ئەم دیمانانە بەسەدان جار دووبارە دەبنەوە، لەمێشکی ئێراقییەکاندا کوشتاری زۆر و، ترس و، برسیکردن و، دیمەنی ناشرین و، خۆسەپاندن و، کێ بەھێزەکەیە لاوازەکە قوت دەدات و، دیکتاتۆریەتی بەیەکەوە دەچەسپێنن .! ھەموویان تووشی نەخۆشی دەروونی تووند دەبن؛ کە بەئاگا ھاتنەوە دێنە ناو حوکمڕانی، دەبن بە چەتە، میلیشیا و دیکتاتۆر. لە جیاتی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی وڵاتەکەیان وێران دەکەن بەرەو ھەڵدێری دەبەن.
ھەموو سەرۆکەکانی ئێراق، حوکمڕانییەکی پڕ لە ڕق و کینەیان پەیرەو کردووه، ھیچ تاکێکی ئێراق ئاوات بۆ گەڕانەوەیان ناخوازێت، بەڵام کەس بەقەد «سەدام حسێن» دڕندە نەبوو، سەدام دێوەزمەیەکی ترس و ھوڤانە لەمێشکی ئێراقییەکان دروستکرد، وایکرد ئێراقییەکان سیقەیان بە سێبەری خۆشیان نەبێت، کە ھەمیشە تەنھا کوشتن و لەناوبردنی یەکتر بە چارەسەر بزانن کە ئەو ھاوکێشەیە نەگۆڕە لای ئێراقییەکان«ئەمرۆ من تۆ نەکوژم سبەینێ تۆ من دەکوژی» دروستکرا. تا ئەمڕۆی ئێراقیش کاری پێدەکرێت تەنھا سیقەیان بەم ھاوکێشەیە ھەیە.
مێژووی ئێراق بەوە ناسراوە وڵاتی قەزاو قەدەرە، کودەتا لەسەر ھەموو سەرۆکەکانی پێشبینی کراوە، ھەمیشە ترسیان لای تاکی ئێراقییە کە ئاخۆ چەند کەس دەبنە قوربانی دەسەڵاتداری ئەم جارەی کودەتای کرد، قەد چاوەڕێ ناکەن سەرۆکی نوێ باشتر بێت لەوەی پێش خۆی، بەڵکو تاکە ھیوایان قوربانییەکانی دەستی ئەو کەمتر بن، لە دەرئەنجامی حوکمڕانییە شۆڤێنیەکانی سەرۆکە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراق؛ پەیوەستەکانی سیاسەت لە ڕەوانینی تاكی ئێراقییەکاندا بووە پەیڕەوکردنی ڕق و، کینە و، دیکتاتۆریەت و، ناچارکردن به دزی و ستەم و خۆسەپاندن و لەناوبردنی یەکتر بەناوی وێنەی درۆی نیشتیمانی خۆیان دەشارنەوە، ھەمویان ئاواتەخوازن ببن بە سیاسی بۆ ئەوەی وەکو پاشا و شاژن بژین و خەڵکیش ببن بە کۆیلەی ئەوان !
ھەتا ئێستاش ئێراقییەکان؛ لە ناو ئێراق ھەستدەکەن بێگانەن و، بێ خاوەنن. نە ڕەقەمن لای وڵاتان نە حسابیان بۆ دەکرێت، نە دێنە ناو باسەکە نە لەھاوکێشەی سیاسەتدان، وڵاتان تەنھا بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردێنن، بەبێ ئەوەی یاریش بکەن ھەمیشە دۆڕان بەشیان دەبێت، سەرکەوتنی و خێرو بێرەکانیش ھەرجارە و بۆ وڵاتێکی تر و خەڵکی بێگانە دەبێت.!
ھیچ بنەما و پرەنسپێکی دەوڵەت لە ئێراقدا بوونی نەبووە و نابێت، چونکە بە ناشەرعی لەدایکبووه، ھەر لە سەرەتاوە نەدەبوو وڵاتێک بەناوی ئێراق بێتە ھەبوونەوە، ئەم ھەموو جوگرافییایه بەزۆری پێکەوە بنرێن، ئەمڕۆ یان سبەینێ ھەردەبێت سنوورە دەستکردەکانی ئێراق ھەڵبوەشێتەوە شتێک نەمێنێت بەناوی ئێراقەوە، سەر لەنوێ چەند وڵاتێکی لێ دروستببن بەناوی جیاوازەوە؛ کە نەتەوە و خەڵکی خۆی لەباوەش بگرێت بۆ ئەوەی ھەموان ببن بەمرۆڤ، بێنە ناو چەرخی مرۆڤایەتی وەکو مرۆڤی سەردەم بژین، نەک مرۆڤەکانی سەردەمی نیاندرتاڵ چەند سەدەیە بونیان نەماوە.
#HogirNerwayi
وەڵام بدەوه