بێ موبالاتیەکانی مرۆڤ دەرهەق بە ژینگە لە پاڵ گەرم بوونی پلەکانی گەرمای گۆی زەوی، دەرەنجامی مامەڵەی ناشایست و زێدەڕۆییەکان مرۆڤە بەرامبەر بە ژینگەو کەشوهەواوە.
لافاوو دەرەنجامە کارەساتبارەکانی، وشکەساڵی و قاتی و قڕی و دەرهاوێشتە دڵتەزێنەکانی لە سەرانسەری ئەم جیهانەی مرۆڤ دەبووایە بە ئەمانەتەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکردایە، لە ژمار نایەن و ئێستاکە بوونەتە هەڕەشە لەسەر کۆی گشتی کایەی ژیان و ژینگەوە.
دەردەدانی گازە ژەهراویەکان، بوونی ملیۆنەها ئوتۆمبێل و کارگەو کۆمپانیاو ناوەندەکانی بەرهەم هێنان و دروست کردن هاوتەریب لەتەک گەشەی خێرای ژمارەی دانیشتووان، جیهانی ئێستامانی خستۆتە بەردەم سەدان ئاڵنگاری گەورەوە.
واخەریکە مرۆڤ بە دەستی خۆی بە هۆی چاوچنۆکی و زێدەڕۆییەکانی خۆیەوە هەرچی ئاسەواری ژیان هەیە لە ناوی دەبات و سەرزەوی و ژێر زەوی دەکاتە وێرانەیەک و کەلاوەیەک و ناوەندی سەرهەڵدانی دەیان نەخۆشیەوە.
مرۆڤ بە سروشت و لە رووی سایکۆلۆجیاوە بوونەوەرێکی تا بڵێی زۆرخوازو بەرزەفرو چاوچنۆک و نابەرپرسیارو گوێ ڕانەیەڵە.
کاتێک ئەم سیفەتە ناشرینانە لە ناخی مرۆڤەکان بە گشتی چەکەرە دەکەن و هەموو سنوورێکی ئەخلاقی و ئایینی و کۆمەڵایەتی دەبەزێنن، قسەکردن لەسەر بەرپرسیارەتی ژینگەیی و هۆشیاری گشتی هەوڵێکی بێهودەو بێ دەرەنجام کوتانی ئاسنی ساردە.
زێدەڕۆییەکانی مرۆڤ دۆخێکی زۆر سەخت و ناشرینی وای هێناوەتە ئاراوە، تەنانەت گرێدانی کۆڕو سمینارو گفتوگۆی عەقڵانیش دهەمبەر ژیان و ژینگە و رزگارکردنی زەوی لە وێران بوون و کاولکاریەوە، چیتر دادی رزگارکردنی زەوی نادات و وا دێتەبەرچاو ئیتر مرۆڤ لەوپەڕی دۆخی نابەرپرسیارەتیدا سەرقاڵی بەردەوامیدانە بە وێران کاری و تاودانی ئەسپی کاولکاریەکانیەوە.
وەڵام بدەوه