خەمۆکی کۆمەڵگاو ھەژارکەوتنی کۆمەڵێک دەستەبژێری روناکبیری پر ئیدیعا لە رووی فکرو ئایدیاو تازەگەری و داھێنانەوە دوو لەو ئاڵنگاریانەن جڤاکی کوردی لەناویدا چەقیوە و ھزرو جوڵەی فکرو رۆح تێیدا قەتیس ماوەو توانست و برستی لێبریوە.
ئەم دۆخەش وایکردووە ترس لە داھاتوو وەک دێوەزمەیەکی ترسێنەر و تۆقێنەر، تاکی کۆمەڵگا لە جوڵەو بیرکردنەوە بخات و عەقڵ و ھۆشی بخاتە ژێر پرۆسەیەکی بێ وەستانی ئاڵۆزی و شێواندنەوە لە لایەن دەزگاو مێدیاکانی بەکرێ گیراوەوە.
ترس و دڵەراوکێ لە ئاییندە و سبەی، کاریگەری نەرێنی و کەمەرشکێنی کردۆتە سەر کۆمەڵ بە گشتی و تاک بە تایبەتی.
ئەم دۆخە ئاڵۆزەش لە دوادەرەنجامی پێکداھەڵشاخێن و پێکدادانی بەرژەوەندیە رەنگاڵەكان، تاکی کردووو بە کەرەسەیەکی ھەرزان و نێچیرێکی ئاسانی بەردەستی ژمارەیەک دەزگای نابەرپرسی راگەیاندنی ھەڵەشەکار و دنیایەک پەیجی بێ دایکوباوکی بێ پرەنسیپ و تێکدەرو گوماناوی تۆرەکۆمەڵایەتیە کۆمەڵ شێوێنە خێزان ھەڵتەکێنەکان.
بەشێک لە مێدیای نابەرپرسی گوماناویش ھەڵگری پەیامێکی شاراوەیە بەئاراستەی سەپاندنی زیاتری ھەژمونی خۆی لە رووبەری کۆمەڵگای ھیلاک و بێ دەرەتان و بێ روئیای کوردی و ئاراستە کردنی بەرەو تەنگژەو لێکترازان و دووبەرەکی و ناکۆکیە ئەزەلیە وێران کەرەکان و تێکچوونی شیرازەی جڤاک و خێزانەوە.
وەڵام بدەوه