لەهەموو دۆخێکی قەیراناویدا حکومەت دەکەوێتە بەردەم چەندین ئاڵنگاریەوە.
یا ئەوەتا دەبێت هەموو هەوڵەکانی بۆ دابین کردنی خزمەتگوزاریەکانی ڕۆژانە چڕ بکاتەوە یا دەبێت بە دابین کردنی ئەمنیەت و ئاسایش و پاراستنی سەرووماڵی هاوڵاتیان دۆخێکی ئارام بۆ ژیان مسۆگەر بکات.
پەیوەست بە هەرێمی کوردستانەوە چەندین ساڵە رەوشێکی قورس هاتۆتە ئاراوە کەوا دەرهاوێشتەوەی دۆخی ناوەخۆی عێراق بە گشتی و قەیرانە یەک لەدوایەکەکانی جەنگی تیرۆر و نەبوونی سەقامگیری و حیساب بۆ نەکردنی کوردە وەک هاوبەشێکی ڕاستەقینەی خاوەن ماف لەم وڵاتەدا.
هەلومەرجەکانی ئەم دۆخە هەرێمی کوردستان و دامودەزگاکانی خستۆتە بەردەم چەندین کێشەی پڕۆکێن و کەڵەکەوەبوو و چارەسەرنەکراوەوە.
بڕینی موچەو خەرج نەکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە لایەن بەغداو فشارە بەردەوامەکانی هێزوتەوژمە ئیقلیمیەکان بۆ سەر هەرێم بۆ ملدانی بە فشار و خواستە ئیقلیمیەکان، دۆخێکی تابڵێی سەخت و پڕ لە کێشەی بۆ حکومەت هێناوەتە ئاراوە.
هەربۆیەش لە بارودۆخێکی ئاوادا دابین کردنی موچەو زامن کردنی ئاسایش و جووڵەی بازرگانی بوونەتە دوو لەو ئەولەویاتە سەرەکیەکانی ئەم کابینەیەو هەوڵدان بۆ چارەسەرکردن و فرەچەشن کردنی سەرچاوەکانی داهات لە سەرووی ئەجینداکانی حکومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکاندان.
وەڵام بدەوه