له (د.رافع عیسا)ویه‌وه بۆ محه‌مه‌د حه‌لبوسی
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی شیعه له‌ساڵی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٤ كه‌وتنه گیانی سه‌ركردایه‌تی سوننه لە عێراق. به پلان و تاكتیك هەڵمەتی پاكتاو و ڕاوەدونانی ته‌واوی سەرکردەکانی سوننه جێبەجێکرا. بە هاوکاری دادگا و دەزگا ئەمنییەکان دۆسیه‌ی تۆمەتیان بۆ تاک بە تاکیان کردەوە، و دواتر به‌تۆمه‌تی تیرۆر له عێراق وەدەریاننان.
وا دەردەکەوێت ئه‌م بیرۆكه‌یه هێشتا له فەرهەنگی سەرکردایەتی شیعه‌ی عێراق ماوە. ئه‌م جاره تۆڕی پلانه‌كه (محه‌مه‌د حه‌لبوسی) سه‌رۆكی په‌رله‌مان و (نه‌جم الجبووری)، پارێزگاری مووسڵ و (عه‌بدولوه‌هاب ساعید)، فه‌رمانده‌ی دژه‌تیرۆری عێراقیشی گرته‌وه. سه‌ركردایه‌تی شیعه قبوڵی دروستبوونی هیچ رەوتێکی نییە كه وه‌ك مه‌رجه‌عیه‌ت لە عێراقدا له‌به‌رانبه‌ریان بوه‌ستێته‌وه، دەیانەوێت خۆیان بە تەنها بکوژ و ببڕبن.
پلانی دەستڕۆشتووەکانی عێراق لە ماوەی یەک مانگدا ڕەنگدانەوەی هەبوو، توانییان سوننه‌كانن پەرتوبڵاوبکەن، بە شێنەیی له پرۆسه‌ی سیاسی دووریان ده‌خه‌نه‌وه. ئەوەی جێگای سەرنجە به‌و هه‌موو فشارەی کە لەسەر هه‌رێمی كوردستان دروستکراوە، کە دیارترینیان بڕینی موچە و قوتی هاوولاتیانە هێشتا خۆڕاگیرانه بە پاڵپشتی گەلەکەی سیاسه‌ت ده‌كات. ماوەی ١٢ ساڵە هەڵمەتی پاکتاوکردنی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان پەیڕەودەکرێت و لە شەقامی عێراقی لۆبی بۆ دەکرێت، ئەم لۆبیکردنە وایکردبوو کە زۆرینەی عێراقییەکان هەست بەو زوڵمە نەکەن کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە.
ئێستا لە هەرێمی سونەکان قۆناغی یەکەم دەستپێکردووە وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا کە پاکتاوکردنی سەرکردەکانیانە. قۆناغی بڕینی موچە و قوتی هاووڵاتیانیان قۆناغە مەترسیدارەکەیە، بە دورنابینرێت پەیڕەوبکرێت. لە ئەگەری پەیرەوکردنی ئەم بژاردەیە لەلایەن شیعەکانەوە عێراق دەچێتە قۆناغیكی تەواو مەترستدار و
نزیک لە شەڕی تائیفی.
جارێکی تر دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە بڕیارێکی سەیر شەقامی عێراقی توشی شۆککرد، دوێنێ سێشممه ١٤/١١/٢٠٢٣ (محه‌مه‌د حه‌لبوسی) وه‌ك ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق، دواتر وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دورخستەوە. هێشتا دیار نییه هه‌ڵوێستی سوننه چی ده‌بێت، به‌ڵام له‌م سێ ئه‌گه‌ره تێپه‌رناكات.
یه‌كه‌م: سوننه‌كان ده‌بنه دووبه‌شه‌وه و ئه‌وانه‌ی پشتیوانی ماڵی شیعه ده‌كه‌ن، كورسیه‌كه‌ی حه‌لبوسی و وه‌زیره‌كانیش پرده‌كه‌نه‌وه. لە ئەگەری ڕوودانی ئەم کارە، ئەو هێزانه له‌شه‌قامی سوننه‌ی عێراقی وەکو (خۆفرۆش) دەناسێنرێن و ده‌كه‌ونه به‌رده‌م توره‌یی خه‌ڵكه‌وه.
دووه‌م: به‌كۆی ده‌نگی سوننه ئه‌و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ڕه‌تده‌كرێته‌وه، و سوننه‌كان بایكۆتی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت دەکەن و لە پرۆسه‌ی سیاسی عێراقی ده‌كشێنه‌وه. ئه‌م ئه‌گه‌ره كراوه‌یه و لە کاتی ڕوودانیدا ده‌رگایه‌كی نوێ بە ڕووی هه‌رێمی كوردستان ده‌کرێته‌وه. لە پێناوی هەڵنەوەشاندنەوەی حکومەتی عێراق داوکارییەکانی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ ده‌کرێت. ئەوەی گرنگە چۆن هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه پێشهاتە مامه‌ڵه ده‌كات؟ ئه‌وه سه‌رۆك بارزانی و سه‌ركردایه‌تی كوردستان به‌تایبه‌ت پارتی دیموکراتی کوردستانە بریار لەم بابەتە دەدات.
سێیه‌م: سوننه‌كان ئه‌گه‌ر پشتیوانی ده‌ره‌وه‌یان هه‌بێت، ئه‌وه راكێشانی کارتی دروستكردنی هه‌رێمی سوننه كۆتایی به عێراقی یه‌كگرتوو ده‌هێنێت. شیعه‌كانی ده‌خاته به‌رده‌م هه‌ڵوێستێكی لاوازه‌وه كه چیتر به‌م عه‌قڵیه‌ته‌وه عێراق ئیداره ناكرێت.
به‌رای من ئه‌گه‌ری دووه‌م، ئه‌گه‌رێكی كراوه‌یه، سوننه بایكۆتی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن. دواتر ئه‌گه‌ر زانیان كاریگه‌ری نابێت، هەوڵی دروستکردنی لۆبی دەدەن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ناوچە سوننه نشینەکان. بە مەبەستی دروستكردنی هه‌رێمی سوننه. ، ئه‌گه‌ر هەموو سوونەشی لەگەڵ نەبێت به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌نبار و به‌شێك له مووسڵ له‌گه‌ڵی ده‌بێت.
لە ئێستادا ئاسان نییە بتوانرێت شیکردنەویەکی دروست بۆ ئه‌م بریاره‌ی دادگای فیدرالی بکرێت. به‌ڵام دوو بۆچوونی دەربارەی دۆخی عێراق لە ئارادایە:
یه‌كه‌م: دۆخی عێراق به‌ره‌و ئه‌وه ده‌روات كه كۆی پرۆسه‌ی سیاسی و ئیداره‌ی ووڵات هه‌ڵوه‌شێته‌وه و ئیداره‌یه‌كی نوێ دروست بكرێت.
دووه‌م: ئه‌م بریاره رێگا خۆشكه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی یان عێراقێكی نوێ ئیداره بدرێت یان سیسته‌می به‌رێوه‌بردنی سێ هه‌رێم بێته ئاراوه، ره‌نگه ئه‌مه‌یان به ئاگاداری و پشتیوانی زلهێزانی جیهان بێت.
خه‌ڵكی هەرێمی كوردستان، لەلایەکەوە دەبێت خۆشحاڵبن بە بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدرالی، چونكه چه‌ندین ساڵه سه‌رۆك بارزانی باس له خراپ ئیداره‌دانی عێراق ده‌كات كه‌چی هه‌ندێك لایه‌نی كوردستانی و عێراقی پێیان وایه كه سه‌رۆك بارزانی گرفتی شه‌خسی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی عێراق هه‌یه. كاتێك دادگای فیدراڵی بڕیاری له‌دژی به‌ڕێز (هۆشیار زێبار) دا هۆکارەکەی ئەوەبوو کە کەسایەتییەکی بەهێزی کورد نه‌بێته سه‌رۆك كۆمار. بۆیه به ئاسانی سیناریۆیه‌كیان بۆ داڕشت، گوایه خانووی سه‌رۆك بارزانی، له‌به‌غدا نۆژه‌ن كردوه‌ته‌وه. ئەم بابەت ناچێتە عەقڵی هیچ کەسێکەوە کە له‌و عێراقه‌ی كه 600 ملیار دۆلاری تێدا به‌هه‌ده‌ردراوه و دزراوه، سه‌رۆك بارزانی چاوی له نۆژەنکردنەوەی خانووییەک بیت. به‌هه‌مان عه‌قلیه‌ت لە دادگای فیدرالی بڕیار لەسەر دورخستەنەوەی زۆر كه‌سی دیكه دراون. بەشی دووەمی دڵخۆشی کورد ئەوەیە، بەشێک لە سونەکان و کوردستانیان باوەڕییان بە قسەکانی سەرکردایەتی کورد نەبوو کە لە کاردانەوەی هەڵوێستە دژ بەرەکانی عێراق ده‌یان گوت عێراق به‌رەو تایفه‌گه‌ریی و شۆڤێنیەت ده‌ڕوات و دادگا بوه‌ته‌وه دادگای (سه‌وره). فه‌رموو خۆ محه‌مه‌د حه‌لبوسی ریفراندۆمی نه‌كرد بۆچی فه‌رمانی دوورخستنه‌وه‌شی بۆ ده‌رچوو.
لەلایەکی ترەوە کورد دەبێت نیگەران بێت بۆ ئه‌م بریاره، چونكه هه‌م ئایندەی هەم کەسانی سیاسی عێراق ده‌بنه قوربانیی ئامانجی پشتەوەی بەڕێوەبردنی سیاسیه‌تی عێراق كه له‌ده‌ره‌وه ئاڕاسته ده‌كرێت. ئەوەی بۆ كورد گرنگه كه له‌م قۆناغه‌دا بە تایبەتی پارتی، یه‌كێتی و یه‌كگرتوو و یه‌ك ده‌نگ بن. چونكه لە کاتی یەکدەنگ نەبوونیان وا دەکەن کە به‌غدا وه‌ك حیزب مامه‌ڵەیان لەگەڵبکات نەک وەک هه‌رێمی كوردستان. باشترین نمونه‌ش بابه‌تی پۆستی سه‌رۆك كۆمار بوو، چونكه ناوماڵی كوردستان په‌رته‌وازبوو، نه‌توانرا بۆ یه‌ك ساڵ ئه‌و پۆسته یه‌كلا بكرێته‌وه به‌ڵام دواجار سه‌رۆك بارزانی له ژێر چه‌تری یه‌ك بیركردنه‌وه‌ی كوردستانی یه‌كلایی كرده‌وه و به‌غداش له‌و په‌یامه گه‌یشت.
وەڵام بدەوه