Kurdistan Press - هەر چییان كرد، نەیانتوانی پارتی و كەركووك لێك دابڕن هەر چییان كرد، نەیانتوانی پارتی و كەركووك لێك دابڕن | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

هەر چییان كرد، نەیانتوانی پارتی و كەركووك لێك دابڕن

هەر چییان كرد، نەیانتوانی پارتی و كەركووك لێك دابڕن

كه‌ركووك، شارە ئازیزەكەی كوردستان، شاری دیرۆكیی كوردان، هه‌ر سەردەمەو به ‌جۆرێك لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی خۆی ده‌نووسێته‌وه،‌ سەردەمێك دەكەوێتە بەر چنگی تەعریب، سەردەمێك وێران دەكرێ، سەردەمێك تیرۆر دەكرێ، سەردەمێك خیانەتی لێ دەكرێ و دەفرۆشرێ و هەوڵ دەدرێ شكۆی بشكێنرێت، سەردەمیش هەیە رادەپەڕێ و ئازاد دەبێ و دەگەشێتەوە و شكۆی بۆ دەگەڕێنڕێتەوە.

خیانەتی 16 ئۆكتۆبه‌ر و رۆژانی دوای ئەو رووداوە و رادەستكردنی ئەو شارە بە میلیشیای داگیركەر، لە سەختترین و رەشترین رۆژانی كەركووك بوون، دۆخه‌كه‌ به‌ جۆرێك گۆڕا هەموومانی خستە گریان، وەك چۆن ئێستا خه‌ڵكی به‌دیار ته‌لەڤزیۆنەوە دانیشتوون و هه‌واڵه‌كانی شه‌ڕی نێوان حه‌ماس و ئیسرائیل سه‌یر ده‌كەن، ئه‌وكات ئێمه‌ی كوردانی تاراوگەش‌ به ‌هه‌مان شێوه‌ به‌دیار شاشه‌ی ته‌لەڤزیۆن و هه‌واڵه‌كاندا ده‌ستمان له‌سه‌ر دڵ و ده‌ممان بوو، هێدمەیەك بوو بۆ هەموان كە هەرگیز حەز ناكەم بە خەونیش سات و كاتی وەها ببینمەوە.

مەترسیدارترین شت دوای چۆڵكردنی سەنگەرەكانی بەرگری لە كەركووك و فرۆشتن و رادەستكردنی بە میلیشیاكان لەلایەن (حزبێكی كوردستانیەوە!) ئەوە بوو كە حزبێكی وەكوو پارتی دیموكراتی كوردستان بنكە و بارەگا و هێزەكانی لە كەركووكدا نەمان و چوونە پردێ تا موئامەرەكەی دوژمنان و جاشەكان سەر نەگرێت و هەولێری پایتەختیش بە دەردی كەركووك نەچێت، ئەودەم ئیتر كەركووكیانی راستەقینە و كەركووكپەروەران و كوردستانپەروەران و زۆربەی هەر زۆری كورد و توركمان و كریستیانی و تەنانەت بەشێكی بەرچاو لە عەرەبەكانیش لە كەركووك هەستیان كرد پشت و پەنایەكی گەورەیان لەدەست دا.

راستتان پێ بڵێم، بێ پێچ و پەنا، پارتی تاكە حزبی كوردستانە كە بە رژدی بەرگری لە كەركووك دەكات لەبەر ئەوەی بەشێكە لە خاكی كوردستان، لەبەر ئەوەی ئەم شارە بەدرێژایی مێژوو شاری كوردستانیان بووە، نەك لەبەر بەرژەوەندیی تر، بۆیە دەبینین كە لەم رۆژانەدا پارتی بە فەرمی دەگەڕێتەوە بۆ شاری كەركووك و بە بڕیاری سەرۆك مەسعود بارزانی بارەگای هەرە گەورەی پارتی بەدیاری دەبەخشرێت بە زانكۆی كەركووك، خەڵكی رەسەنی كەركووك زۆر دڵخۆشن، خۆ پێشتریش ئەو دەنگە زۆرەی كاندیدانی پارتی لە دوایین هەڵبژاردنی عێراقدا لە كەركووك هێنایان، سەلمێنەری ئەو راستییەیە كە كەركووك و پارتی لێك دانابڕێن.

ئاخر كاتێك ده‌ڵێین: ”پێویسته‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كه‌ركووك بێت“ كاتێك ده‌ڵێین: ”ئه‌و شاره‌ نابێ بێ پارتی بێت.“ لەبەر ئەوەیە كە خەڵكی رەسەنی كەركووك تەنانەت ئەوانەش كە پارتی نیین و لایەنگری پارتییش نین، كە پارتی لەو شارە نەبێ هەست بە بێكەسی دەكەن، رووداوەكانی ئەم چەند ساڵە بەڵگەی دروستن بۆ ئەم راستیە، ئاخر عەقڵ و لۆژیك ئه‌وه‌ قبووڵ ناكات شارێكی وه‌ك كه‌ركووك كه‌ خاك و كولتوور و زمان و خەڵكەكەی كەوتوونەتە بن ستەمی داگیركاری، بەبێ حزبی یەكەمی كوردستان و عێراق (كە پارتیییە) كاروبار تیای بڕوات بەڕێوە، پێویستە بۆ پاراستنی شكۆی كورد و كوردستان و لەپێش هەمووشیانەوە كەركووك و كەركووكیەكان، پارتی لە كەركووك بێت، پێویسته‌ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ هه‌موو هێزییه‌وه‌ له‌ كه‌ركووك بێت.

شاری كه‌ركووك پێویستی به‌ ئیداره‌یه‌كی باشتر لەم ئیدارە سەپێندراوەی ئێستای هەیە،‌ كه‌ركووك تایبەتمەندیی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی هەیە و له‌ هیچ شارێكی دیكه‌ی كوردستان و عێراقیش ناچێ، بۆیە نابێ ئەم شارە بێ پارتی بێت، تەنیا ئه‌جیندای پارتی و تەنیا مامەڵەی پارتی لەگەڵ كەركووكدا دروستە كە ده‌یه‌وێت هه‌م كورد و هه‌م نه‌ته‌وه‌كانی تری شاری كه‌ركووك، هەست بە ئارامی بكەن و دوور لە چەوساندنەوە و جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی بن، زانكۆی كەركووك كوڕان و كچانی كورد و هەموو نەتەوەكانی تریش لێی دەخوێنن، بۆیە كاتێ پارتی بارەگا هەرە گەورەكەی خۆی بە دیاری پێشكەش بەو زانكۆیە دەكات، واتە ئەو حزبە بێ جیاوازی خزمەتی هەموو كەركووكیەكان دەكات.

بۆیە به‌و بڕیاره‌ گرنگ و مێژووییه‌ی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی به‌ به‌خشینی گەورەترین باره‌گای پارتی به‌ زانكۆی كه‌ركووك بەدیاری، زۆر دڵخۆش بووم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆریش سه‌رسام بووم، ژیرمه‌ندیی ڕێبه‌ر و سه‌رۆك ئه‌وكاته‌ ده‌رئه‌كه‌وێت كه‌ بزانێت به‌ شێوه‌یه‌كی حه‌كیمانه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخە جیاوازەكاندا مامه‌ڵه‌ بكات، ئه‌وان به‌ لووله‌ی تفه‌نگه‌كانیان ده‌یانه‌وێت شكۆی كه‌ركووكییه‌كان بشكێنن، بەڵام سه‌رۆك مەسعود بارزانی به‌ هه‌ڵوێستی بەرز و بە بڕیاری حەكیمانەی مێژوویی شكۆی كەركووك دەپارێزێت، چونكە له‌ سۆنگه‌ی بڕوابوون به‌ پێكه‌وه‌ژیان و دژ به‌ چه‌مكی توندوتیژی، په‌ی به‌ په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایەتی و سیاسییه‌كانی ئەو شارە دەبات.

ئەوەتا دەبینین، دوای ئەو رووداوە ناخۆشانەی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ و پاش چەندین ساڵ، خەڵكی كەركووك بەگشتی چەند دڵخۆشن بە گەڕانەوەی پارتی و بەو بڕیارە گرنگەی سەرۆك بارزانی، راستە لەلایەن دوژمنان و فاشییەكان و تەنانەت جاش و خیانەتكارانیشەوە هەوڵی زۆر درا كە بەیەكجاری كەركووك و پارتی لەیەك دابڕن، بەڵام ئەوانەی ئەو هەوڵانەیان دا نەزان و نەفام و بێئاگا بوون لە رەگی مێژوویی پارتی و بارزانی لەو شارەدا، بێئاگا بوون لەو متمانە زۆرەی كەركووكیەكان بە پارتی هەیانە.

نووسینی: ھەرمن ئەحمەد

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه