کۆترەکە مەخۆن!
تەنیا کوردی
گەل برسی بێ، لەکوێی جیھان بێ، وەک گیڤارا دەڵێ، "کۆتری ئاشتی بۆ بەڕێکەی، لە برسا دەیخۆن".
ئێمە وەک گەلی کورد، چیرۆکی جیاوازمان لەگەڵ گەلانی ناوچەکە ھەیە، لە رۆژیشدا تاریکایی خۆمان ھەیە، ھێندەی ستەمان لێکراوە گەر پەرتەوازەتربین، رۆشنایی داھاتوومان بەدەستی خۆمان تاریک دەکەین.
زۆرجار بەبێ ئەوەی برسی بوبێتین، کۆتری ئاشتیمان سەربڕیوە، خوانەکا بەو رۆژەی لە قۆناغی ئێستا وەک غەزەو ئۆکراینمان لێبێ، نەوەک کۆتر ھاوشێوەکانیشی دەخۆین و پەڕوباڵی دەکەین، بۆیە تا دووربین لەم رۆژانە، دەبێ نرخی ئاشتەوایی و پێکەوەژیان بزانین.
قەوارەی ھەرێم بەنرخترین گەوھەرێکە کە بیپارێزین، نەوەک وەک جبران خەلیل دەڵێ، "گەر گەوھەرێک لەدەستدەین دەبێ تا دەمرین بەرد کۆکەینەوە"، ئێمە لە شاخ بەشانازییەوە چیاکانمان کۆکردەوە تا لە داھاتوو حوکمڕانی شار بکەین، ئەمڕۆ گەر شار کۆنەکەینەوە و نیشتمان کۆنەکەینەوە و نەیپارێزین، گەڕانەوە بۆ چیاکان و رادەستکردنی قەوارە، لەناوچونی گشت دەسکەوتەکانە.
تێسلا دەڵێ، "گەر ئەو رقوکینەی لەناخی مرۆڤەکان ھەیە بکرێ بە وزەی کارەبا، ھەموو جیھان رووناک دەکاتەوە"، ئەم ھەموو ناتێگەیشتنەی لەنێوانی ھێزە سیاسییەکاندایە گەر بتوانن لەیەکتری تێبگەن و لە خەڵک تێبگەن، داھاتووی ھەرێم رووناک دەکاتەوە، نەوەک بەرھەمی خوێن و خەبات و ئازادی، لە قۆناغی شار لە پەرتەوازەیی یەکتر بەھەدەر چێ.
ھێزە سیاسییەکان پێویستە ڕوو لەیەکتری وەرنەگێڕن، ھێندەی سەیری یەکتر دەکەن گەر بەیەکەوە دۆخەکە تێپەڕێنن، باشترە لەوەی کە رۆژانێک بۆ لەدەستدانی ئەمڕۆ پەشیمان ببنەوە.
ناوچەکە لە شەڕدایە، ھەرخۆی قەوارەی ھەرێمیش لەژێر فشاردایە، تاکە کلیلی سەرکەوتن لەم قۆناغە بریتییە لە کۆدەنگی ھەموو لایەنەکان و، پێداچوونەوە بە شکست و، سەرلەنوێ دیالۆگێکی کراوەیی کوردستانیانە تا بزانرێ لەکوێ پرۆسەی سیاسی ھەڵەیە تا راست بکرێتەوە.
وەڵام بدەوه