کێکەکەی کورد و دادپەروەری ئەمریکا!
کوردستان وەکو کێکێک وایە لای نەیارەکانی، ھەر یەکەو بەشی خۆی پارچەیەکی لێ دەیەوێت، ڕکابەریان لەسەر ئەوەیە کە کێ پارچەی گەورەتری ئەم کێکە بۆخۆی دەبات بەبێ ئەوەی ھیچ پارچە کێکێکی بۆ کورد بەجێ بێڵن کەخاوەنەکەیەتی.
لە لایەکەوە ئیمپراتۆریەتێک دەیەوێت خۆی زیندوو بکاتەوە لەسەر حسابی کێکەکەی کوردستان، لەم لاشەوە دەیانەوێت ئەم کێکە ئێکسپایەر بکەن بە بارمەتەکردنی پێکھاتەکانی سەرەکی کە شادەماری کێکەکە ناسراون، لەولاشەوە دەیانەوێت ھەژموونی خۆی زیاد بکات بۆ ئەوەی ھەر خۆی بەتەنھا ببێتە خاوەنی کێکەکە کە بەو کێکە کێکێکی گەورەتریان دەست دەکەوێت و دەگات بەو شوێنەی کە ئامانجیانە.
لەم سەروبەندەش ئەمریکا «سیدالعالم» ھەیە کە ناوبژیوانی دادپەروەری ھەموو جیھان دەکات داواکەی ئەوەیە کە تەنھا خامەی کێکەکە بە تاڵی بە کورد بدەن بەبێ ئەوەی کێکەکە بۆ کورد بێت کە خۆی خاوەنەکەیەتی! کێشەکە لەوەیە ئەمریکا تا ئێستا کێشەی کوردی وەکو کێشەی تایبەت سەیر نەکردوە بە نەتەوەیی نەزانیوە بەڵکو بەکێشەی ناوخۆی ئەو وڵاتەی زانیوە کە لەسەری دابەشکراوە.
لەسەردەمی شۆڕش ئەمریکا ھاوکاری کوردی کرد بەھۆی شای ئێران نەک بەھۆی بەھاو پرەنسیپ، ھەر ئەمریکا دوایی پشتی لە کورد کرد کاتێک شا ڕێککەوتنی «جەزائیر» ئیمزاکرا لەگەڵ ڕژێمی عێراق بەبێ ئەوەی گوێ بەھیچ بەھایەک بدات حسابێک بۆ کورد بکات کە دووەم نەتەوە و پێکھاتەی عێراق بوو!
ئەمریکا ھەرێمی کوردستانی دەوێت بۆ عێراقێکی بەھێز نەک بۆ کورد، کە باسەکە لەسەر ھەرێم و عێراق بێت ئەمریکا عێراق لەسەر ھەرێم ھەڵدەبژێرێت. تورکیاش ھەر ھیچ کە گرنگترین دەوڵەتە لە ناوچەکە بۆ ئەمریکا، کە ئەمریکا ھیچ شتێکی ستراتیژی لە ناوچەکە ناکات کە لەدەرەوەی بەرژەوەندی تورکیا بێت، ھەتا ئێستاش لە ھێرشی تورکیا بۆ سەر خاکی باشور و کوردانی ڕۆژئاوا کە لە شەڕی داعش ھاوپەیمانی ئەمریکابوون ئەمریکا ھەندێک جار تەنھا بە شەرمەوە ئیدانەیەکی دەکرد گەرنا لە ژێر پەردەوە ھەمیشە بەدوای شتێکی یاسایی بوو کە تورکیا بە حەق بزانێت بۆ ئەو ھێرشانە، کە پەکەکە شەرعیەتی یاسایی بەو ھێرشانە دەدەن.
لە ئێرانیش ئەمریکا بەھۆی ئەوەی نیو سەدەیە نەیاری ڕژێمی ئێرانە پشتگیری گەلانی ئیران دەکات بەڵام کورد وەکو گەلێکی جیاواز سەیر ناکات نەک ھەر بەگەلیش نازانێت بەڵکو وەکو ھەر تاکێکی ئێرانی کە زوڵمی لێدەکرێت لای ڕژێمی ئێران، سبەی ئێران ئازادبکرێت پرسی کورد لە دەرەوەی ھاوکێشەکان دەبێت!
ئەوەی گرنگە کورد بزانێت چۆن سیاسەت لەگەڵ ئەمریکا دەکات، گەر نزیکبوونەوە لە ئەمریکا زیانی بۆ کورد ھەبێت کە زۆر ھەبووە، دورکەوتنەوە لە ئەمریکا نەک زیانی دەبێت بەڵکو دەگاتە سڕینەوەی، ڕاستە ئەمریکا کورد وەکو نەتەوە نابینێت بەڵام ئەمریکا مانەوەی کوردی دەوێت نەک لەناوچوونی، گەر بەتەنھا خامەکەشی بە تاڵی بەکورد بدات ئەوانی دیکە جگە لە ژەھر ھیچی دیکە بە کورد نادەن، بەتایبەتی کە ئێستا کورد خاوەن ھەرێمێکی سەقامگیرە لەناوچە و وڵاتێکی ناسەقامگیر و پڕ ئاڵۆزی، کە بۆ سیاسەتی ئەمریکا زۆر گرنگە ئەم سەقامگیریەی ھەرێم.
ھەروەک چۆن لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم ئێرانی شا نوێنەرایەتی ئەمریکای دەکرد لە ناوچەکە، ئێستا جگە لە ئیسرائیل کە بە بەشێک لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت تورکیا نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی ئەمریکا دەکات، نزیکبوونەوە لە تورکیا نزیکبونەوەیە لە ئەمریکا، گەرچی تورکیا گەورەترین نەیاری ڕەچەڵەکی کورد بێت بەڵام لەم ناوەدا تەنھا تورکیا ھەرێم وەکو سیاسەت قبوڵ کردوە و مامەڵەی ئابووری لەگەڵ کردوە ڕێگە بەھەناردکردنی نەوتی داوە بە سەربەخۆیی لەبەندەری جیھان بفرۆشێت گەر چی چەند لە قازانجی بێت، بەڵام ئێران و عێراق تا ئێستا ڕێگە نادەن کورد یەک دڵۆپی نەوت بە سەربەخۆیی بفرۆشێت گەر کورد سێ بەشی پارەکەشی بە ئەوان بدەن، چونکە ئەوان نایانەوێت دان بەھەبوونی ئابوریەکی سەربەخۆیی بۆ کورد بنێن بۆ ئەوەی کورد نەبێت بەخۆی ھەر ژێردەست و چەوسێنراوی ئەوان بێت!
کێشەی لەھەموو گەورەتر کورد نەک یەکگرتوو نیە بەرامبەر چارەنوسی ھاوبەشی خۆی بەڵکو سەدان بەرەیە ھەریەکەو بە ئاراستەی جیاواز جوڵە دەکات، ھەریەکەو چوە بەرەی سەنگەری نەیارێکی خۆی، گەر جاران بە فیشەک شەڕی بۆ نەیاری خۆی کردبێت، ئێستا شەڕی یاسایی بۆ ئەوان دەکەن و شەرعیەتیش بە ئەوان دەدەن بەھانەش دەگرن کە ئەوان لەسەر حەقن و تاکە ھەرێم و حکومەتی کورد بە ناحەق دەزانن، کورد زوو بەئاگا نەیاتەوە و بەرەی خۆی نەزانێت ھەر نامۆ و بێگانەبن لەگەڵ یەک، خەڵکی تر بە ئاگایان دێنەوە ئەوکاتیش ھیچ ڕێگە چارەیەک نامێنێت دەبن بە غەڵوزی ئەوانی دیکە....
#HogirNerwayi
وەڵام بدەوه