بەگوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان برسیکردنی بە ئەنقەستی ھەرێمی کوردستان، جینۆسایدە
تەنیا کوردی
بەگوێرەی یاسایی نەتەوەیەکگرتووەکان "رێککەوتننامەی قەدەغەکردنی تاوانی قڕکردنی بەکۆمەڵ و سزادان لەسەری"، کە لەساڵی ١٩٤٦ ئەم یاسایە دەرچووە، بە گوێرەی ماددەی دووەم لەم رێککەوتننامەیەدا؛ لەناوبردنی بەکۆمەڵ (جینۆساید) یەکێک لەم کردارانەی خوارەوە دەگرێتەوە کە بەمەبەستی لەناوبردنی بە گشتی یان بەشێک لە کۆمەڵێکی نەتەوەیی یان ئەتنیکی یان رەگەزی یان ئایینی ئەنجامدرابێ.
-ئەم ماددەیە لە پێنج بڕگە پێکهاتووە، بەڵام دوو بڕگەیان (ب، ج) دەقاودەق لەگەڵ ئەو رەفتارەی حکوومەتی بەغدا یەکدەگرێتەوە کە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان نانێرێ کە لە بودجەدا بە روونی جێگیر کراوە.
-لە بڕگەی (ب)هاتووە:
پێگەیاندنی ئازارێکی جەستەیی یان رۆحیی مەترسیدار بە ئەندامانی ئەو کۆمەڵە.
-بڕگەی (ج)هاتووە:
رووبەڕووکردنەوەی بە ئەنقەستی ئەو کۆمەڵە بە بارودۆخێکی ژیان و گوزەرانی ئەوتۆ کە مەبەست لێی لەناوبردنی ماددی گشتی بێ یان بەشێکی -كلي یان جزئي- كۆمەڵەکە بێ.
ئەم رێککەوتننامەیە بە بڕیاری کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە 96 (د-ا)لە 11ی دیسێمبەری 1946 راگەیەنراوە کە قڕکردنی بەکۆمەڵ تاوانێکە بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی و هاودژە لەگەڵ رۆح و ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و لەلایەن جیهانی شارستانییەوە رەتکراوەیە..
ئەمەی بەغدا دەیکات لە ئێستادا رێک جینوسایدە ئەگەر رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکات کە بەگوێرەی دەستوور ھەولێر و بەغدا لەسەری رێککەوتن، چونکە بە برسیکردنی قوتی خەڵکی کوردستان، بەغدا دەیەوێ هەرێم ملکەچی ئەو ستەمە بکات کە بەدرێژایی رژێمەکانی عێراق لە کورد کراوە، ئەمڕۆ کورد قەوارەکە رادەست بکات و دەست لە قەزیەکەی ھەڵگرێ کە لە چوارچێوەی ھەیکەلیەتی فیدڕاڵی عێراق شەرعیەتی دەولی ھەیە.
ماوەیەکە دەگوترێ:
١-بەغدا دەیەوێ قەوارەی ھەرێم نەھێڵێ.
٢-بەغدا دەیەوێ کێڵگەی خورمەلەو کۆرمۆر داگیر بکات.
٣-بەغدا دەیەوێ تا خەتی ٣٦ ھێز بجوڵێنێ و کورد لەم ناوچانە نەھێڵێ.
ئەگەر ئەمە دەنگۆ بێ و راست نەبێ، کەوایە دەبێ بەغدا رێککەوتە دەستووریەکە لەگەڵ ھەرێم جێبەجێ بکات..
ئەگەرنا ئەم نیەتە ئەگەر پشتڕاستکرایەوە کە بەغدا بەھاوکاری ئیقلیمی ئەمەی دەوێ، ئەوا بۆ بەرەنگاری پێویستە وەک کەرکوکییەکان نەبەردانە لە ھەرێمی کوردستان، شەقام دەنگ ھەڵبڕێ، بەم مادەیەی کە باسم کرد کە برسیکردن جینۆسایدە، مافی خەڵکە دەنگ ھەڵبڕێ و دواتریش ئەگەر بەغدا نیەتی خراپتر بوو ئەوکاتە کشانەوە لە بەغدا بە شەرعیەتی دەنگھەڵبڕین لە شەقام، دەبێتە بڕیارێکی کوردستانی و سەرکەوتن بریتییە لە بوێری.
لە کۆتاییدا ھەرێم کارتەکانی یاساییە و، دواجاریش ئەمەی خاڵی سەرکەوتنی کوردە، ئیرادەی جەماوەر و ھێزی پێشمەرگەیە.
وەڵام بدەوه