دونیای سیاسەت لە وارێ مە بەسەر دوو دونیای جیاواز لە هەموو روێکەوە دابەش کراوە.
دونیایەک هەیە لە خەمی یەکریزی و پێکەوەژیان و پاراستنی نیشتیمان و قەوارە سیاسیەکەی و کەڕامەتی مرۆڤەکاندایە.
لە بەرامبەریشدا دونیایەکی تر هەیە هەموو هەوڵەکانی خستۆتە گەڕ بۆ ناشرین کردنی نیشتیمان و نانەوەی دووبەرەکی و ئاڵۆزکردنی دۆخی ژیان و گوزرران و ئاسوودەیی مرۆڤەکانەوە.
بکەرە سیاسی و کۆمەڵایەتیە بەرپرسیارو خاوەن ئایدیا و پلانەکان سەربە دونیای جوانیەکانن.
بکەرە بودەڵەو هەلپەرەستە تێکدەرو پەلاماردەرە بەدمۆراڵەکانیش بەوە دەناسرێنەوە تا سەر ئێسقان دژایەتی دونیای جوانی و کاراکتەرەکانی ناویەوە دەکەن و واز لە سیفەتە قێزەوەنە ناشرینیە دژە نیشتیمانیە بێگانە پەرەستیەکانن ناهێنن.
لەوەتەی کابینەی نۆهەم و سەرۆک و ستافەکەی دەست بەکاربوونە، بکەرەکانی سەربە دونیای ناشرینیەکان رۆژێک چیە، لە پەلاماردان و سوکایەتی بە سەرۆکی حکومەت نەکەوتوون.
قیژەقیژ و بەندوبالۆرەکانیان ئەوەندە قێزەوەن و گەنن، ناتوانن قەناعەت بە هیچ مرۆڤێکی عاقڵ و ژیر بکەن. هەر رۆژەو بە شتێکەوە دەیگرن و بابەتێک دەکەن بە کەرەسەی پەلاماردان و فوو تێکردن و سوکایەتی بە حکومەت و سەرۆکەکەیەوە.
دژایەتی بەرەی بە ناو ئۆپۆزیسیۆن و لایەنگرانیان هیچ بنەمایەکی عەقڵانی و زانستی نیە. ئەمانە وەک بڵێی خوویان بە دژایەتیەوە گرتووە، هیچ هەنگاوێکی حکومەت بە ئەرێنی سەیر ناکەن و سوێندیان خواردووە بە هیچ دوعایەکی سەرۆکی حکومەت نەڵێن ئامین.
دونیای سایکۆژیای ئەم بەرە خودئەوینیە( خۆپەرەست)لە رووی ئاستی بەرپرسیارەتی مۆراڵی کۆمەڵایەتیەوە، دونیایەکی تا بڵێی ئاڵۆزو شێواوە. ئەم بەرەیە نەفرەت لە گشت هەنگاوێکی چاکسازی دەکات و تووشی پەتای کوشندەی “ خودنەفرەتی” درێژ خایەن هاتووە.
ئەندامانی ئەم بەرەیە نەفرەت لە هەموو جوانیەک و هەنگاوێکی چاکسازیەوە دەکەن و هەر پرۆژەو پێشنیارێک و رێو شوێنێکی حکومەت بە ئاراستەی خزمەت و چاکەی گشتی رەت دەکەنەوەو بەرگی چەواشەکاری بەسەردا دادەپۆشن و لە پێش چاوی خەڵک ناشرینی دەکەن.
لێ ئەم هەموو پەلامارە ئەوپەڕی بێ ویژدانیە. ناشایست و نمەک بە حەرامیە بتەوێ بە ناشرینکردنی لایەنی حکومی و سەرۆکەکەی، خۆت و ئایدیاکانت بە جوانی وێنا بکەی و وا لە هاونیشتیمانیان بگەیەنی داری سیحریت پێیەو فریاد رەس و خدری زیندەی.
وەڵام بدەوه