Kurdistan Press - گەر خەڵک خۆپێشاندان بکات فشاری نێودەوڵەتی دروست دەبێت گەر خەڵک خۆپێشاندان بکات فشاری نێودەوڵەتی دروست دەبێت | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

گەر خەڵک خۆپێشاندان بکات فشاری نێودەوڵەتی دروست دەبێت

 جەنگی یەکەمی جیھان کۆتایی ھات، بە سەرکەوتنی بەریتانیای مەزن و شکستی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، بەریتانیا لەسەر ناوچەی میزۆپۆتۆمیا، کە دڵی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بوو، دەوڵەتی عێراقی دروست کرد، بەڵام ھیچ بەریتانییەکی نەکردە پاشای عێراق، بەڵکوو عەرەبێکی کردە پاشای عێراق، چونكە بەریتانیا دەیزانی ئەگەر بەریتانییەک بکرێتە پاشا، شەقامی عەرەبی بە گشتی و عێراقی بەتایبەتی، ڕاپەرین و خۆپیشاندان لە دژی دەکەن، ئەوکات دەبوو بەریتانیا بەناچاری دەستبەرداری عێراق بێت، چونکە ھیچ داگیرکارێک ناتوانێ بمێنێتەوە، ئەگەر خەڵک بەردەوام لە دژی راپەڕین.

‏‎کاتێک سەرۆک بارزانی بڕیاری ڕیفراندۆمی دا، کە ڕیفراندۆم بەرلەوەی ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان بێت، ئامانجی ئەوە بوو بۆ جیھانی دەربخات، کە ئەو سیاسەتەی بەغدا بەرامبەر ھەرێمی کوردستان گرتوویەتیە بەر، ناکۆکیی كەسی نین، کە لەنێوان خۆی و بڕیاربەدەستانی بەغدادا ھەبێت، بەڵكوو سیاسەتی دوژمنكارانەیە.

‏‎کاتێ ھەندێک حزب لێرە وایان لێکدایەوە گوایە کێشەی عێراق و ھەرێمی كوردستان ناکۆکیی كەسیین لەنێوان بارزانی و کاربەدەستانی بەغدا! بارزانی بە ڕیفراندۆم دیاریی کرد، کە ئەو سیاسەتە دژی ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستانە، کە بەغدا بە بڕینی بودجە، بە بڕیارێکی كەسی ئەنفالێکی دیكە لە دژی گەلی کوردستان کرا، بە منداڵانی ساواشەوە، کە بەو مووچەیەوە شیری قوتوویان بۆ دەکڕا كاتێ لە ئەیلوولی 2017 نزیكەی 93%ی خەڵکی کوردستان دەنگی دژی ئەو سیاسەتەی بەغدا دا.

‏‎ئەگەر ئەوکات خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری یەكێتی نەبوایە، ئێستا عێراق و ھەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی دیکەدا دەبوون، چ بە سەربەخۆیی بێت، چ بەغدا سیاسەتێکی دیکەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرد، دەستووریش وەک خۆی جێبەجێ دەکرا، ڕیفراندۆمیش ھەمیشە کارتێکی فشاری بەھێز دەبوو لەسەر مێزی جیھان، کە بەغدا نەتوانێت جارێکی دیکە سیاسەتی دژایەتی بەرامبەر ھەرێمی کوردستان بگرێتە بەر.

ئێستاش کە ھەرێمی کوردستان و بەغدا ڕێککەوتنیان ھەیە، ھەرێمی كوردستان پابەندە بە تەواوی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە، ئەوە بەغدایە پابەند نییە و ھەر جارە و بیانوویەک دەگرێت، بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ ناکات، شەڕی دەروونی و شییەڕی برسیكردن و شەڕی شكاندنی ئیرادە لەگەڵ خەڵکی كوردستاندا دەکات، وەک ئەوەی خێر و سەدەقە بە كوردستان بكات نەک وەک ماف و ئەوەی هەردوو حكوومەت بە رەسمی لەسەری ڕێک کەوتوون.

‏‎دەبوو ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستان، بە ھەموو شارەکانەوە و بەبێ ئەوەی کام حزب و کام ئایینن، بەیەکەوە و بە یەک دەنگ بڕژابانەتە سەر شەقام و خۆپیشاندانیان دژی سیاسەتی بەغدا کردبایە و فشاریان دروست بکردایە، ئەوکات ھەفتەیەکی پێ نەدەچوو فشاری نێودەوڵەتی دروست دەبوو و بەغدا بەبێ یەک و دوو پابەندی ڕێککەوتنەکە دەبوو، ماف و شایستەکانی ھەرێمی كوردستانیشی لە کات و ساتی خۆی بەتەواوی دابین دەکرد.

‏‎حزبەکانی (بەناو ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی كوردستان)یش زیاتر لە بەغدا شەڕی دەروونی لەگەڵ خەڵکی ھەرێمی کوردستاندا دەکەن، لە كاتێكدا دەبوو لەجیاتی ئەوەی بانگەشەی خۆپیشاندان دژی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان بکەن کە خۆیان باشتر دەزانن كەموكوڕییەكە لە کوێیە، دەبوو ئەمڕۆ ھانی خەڵکیان بدایە خۆپیشاندان دژی سیاسەتی بەغدا بکەن، ھەرکات بەغدا بودجەی ناردبوایە ئەوکات چاودێرییان لەسەر حکوومەتی ھەرێم بکردایە، بۆ ئەوەی بۆ مووچە و خزمەتگوزاریی خەڵک بەکاری ھێنابایە، نەک لە ھەرێم ئۆپۆزسیۆن بن و لە بەغداش پارێزەری حکوومەتی عێراق بن و دژایەتیی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان بکەن، بەڵام چونکە ئۆپۆزسیۆن بۆ خەڵکی ھەرێم نییە، بەڵکوو بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندای خەڵکی دیکەیە، قەت نابینی کاری ڕاست بکەن، ھەر ئەوە دەکەن کە خەڵکی دیکە ڕایاندەسپێرێ!

لێرەدا ھۆشیاریی خەڵک گرنگە، نابێ بەدوای ھەموو قەرەباڵغییەک بکەون، دەبێ بزانن كەموكوڕییەكە لە کوێیە، ئەوکات بڕیار بدەن، کە چۆن بجووڵێن و چی بکرێت، نەک بەدوای خەڵکی بەرژەوەندیخوازدا بکەون، کە شەڕیان پێ دەکەن، نەک شەڕیان بۆ دەکەن.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه